لە میسان بکوژێک لە پرسەى کوژراوەکەدا دەستگیر کرا
رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە میسان هاوڕێیەکى خۆى دەکوژێت، بەڵام لەکاتى چوونى بۆ پرسەکەى دەشڵەژێت و دەستگیر دەکرێت. ئالوودەبوویەکى مادەى هۆشبەریش پەنا بۆ بردنى مۆرى پزیشکێک دەبات بۆ دەستکەوتنی دەرزییەکی هۆشبەر لە دەرمانخانەکان، بەڵام ئاشکرا دەبێت و دەستگیر دەکرێت.
ئەو دوو چیرۆکە لە بڵاوکراوەى مانگانەى "قەزا"ى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراقدا بڵاوکراونەتەوە، کە چوارشەممە 29ى تشرینى دووەم بڵاوکراوەتەوە.
بکوژێک لە پرسەى کوژراوەکە دەستگیر کرا
یەکێک لەو دۆسیانەى کە لە بڵاوکراوەکەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراقدا هاتووە، باس لە کەسێک دەکات کە هاوڕێیەکى خۆى لەپێناو دەستکەوتنى دەمانچەکەى کوشتووە.
رووداوەکە لە پارێزگاى میسان بووە، بکوژ و کوژراو لە کۆگایەکى کەرەستەى یەدەگى ئۆتۆمبێل کاریان کردووە.
بکوژەکە لەگەڵ کوژراوەکەدا دەچن بۆ یەکێک لە شوێنە گەشتوگوزارییەکان، بەڵام بە دەمانچەکەى خۆى دەیکوژێت و لە چادرى ئۆتۆمبێلەکەى خۆیەوە لوولی دەدات، دواتر دەمانچەکە و بڕێک پارەى کوژراوەکە دەبات.
دواى شەش رۆژ لە دیارنەمانى، تەرمى کوژراوەکە لە شوێنێک و ئۆتۆمبێلەکەشی لە شوێنێکى دیکەى میسان دەدۆزرێنەوە.
بکوژەکە کاتێک ئاشکرا بووە، کە سەردانى پرسەی کوژراوەکەی کردووە و لەوێ شڵەژاوە و گومانی لێکراوە، دواى ئاگادارکردنەوەى هێزە ئەمنییەکان دەستگیر کراوە.
بکوژەکە، کە هاوڕێیەکى نزیکى کوژراوەکە بووە، دانى بەوەدا ناوە کە هاوڕێکەى لەبەر دەمانچەکەى کوشتووە و بردوویەتى لە بەغدا فرۆشتوویەتى.
ئەو بکوژە بەگوێرەى یاساى سزادانى عێراقى سزاى بەندکردنى تاهەتایی دراوە.
ئالوودەبووییەک مۆرى پزیشکێک دەدزێت
لە مانگانەی قەزادا چیرۆکی ئالوودەبوویەکی مادەی هۆشبەر بڵاوکراوەتەوە، کە لەپێناو دەستکەوتنی مادەیەکی هۆشبەر مۆری پزیشکێکی دزیوە.
ئەو کەسە لە ساڵى 2014 هەردوو دەرزیی تراماڵ و بلاسینی بەکارهێناوە، ئەو دەرزیانەشى لە نۆرینگە و دەرمانخانەى لاکۆڵان کڕیوە، کە هەر دەرزییەکى بە 10 هەزار دینار کڕیوە و بۆ ماوەى ساڵێک لەسەر ئەو شێوازە بەردەوام بووە، کە رۆژانە یەک دەرزیى هۆشبەرى لە خۆى داوە.
لە ساڵى 2022 بەهۆى لەدەستدانى کارەکەى، بارى دارایی خراپ بووە و تواناى کڕینى رۆژانەى ئەو دەرزیانەى نەماوە.
بۆ دەستکەوتنى ئەو دەرزییانەش پەناى بۆ پلانێک بردووە، خۆی کردووە بە نەخۆش و چووەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەى ئەو جۆرە دەرزییەى پێبدەن و چەند جارێک لەو هەوڵەى سەرکەوتوو بووە.
رۆژێک دەچێتە بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەکە و مۆرى پزیشکێک دەبینێت کە لەسەر مێزێک بووە و دەیبات، بۆ رۆژى دواتر بە هەمان شێوە گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەکە بۆئەوەى پسووڵەیەکى بەشى فریاکەوتنى دەستبکەوێت، تاوەکو بەو مۆرەى کە بردوویەتى لە دەرمانخانەى نەخۆشخانەکە ئەو دەرزییە هۆشبەرانەى پێ وەربگرێت، چەند جارێک لەو رێگەیەوە ئەو دەرزییانەى دەستکەوتووە، هەر جارەو بە ناوێکەوە لە دەرمانخانەکە ئەو دەرزییانەى وەرگرتووە، لەدواى ئەوەى گومان لەسەرى دروست دەبێت، لەکاتى بەکارهێنانى یەکێک لەو دەرزییانە لە تەوالێتى نەخۆشخانەکە دەستگیر کراوە.
ئەو کەسە دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتى بەکارهێنانى مۆرى پزیشک بۆ دەستکەوتنى مادەى هۆشبەر، بەگوێرەى مادەى 276ى یاسای سزادانى عێراقى بە 10 ساڵ بەندکردن سزا دراوە.