ئەندامێکی لیژنەی دارایی: هەر بانکێک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین

 
رووداو - بەغدا

لەکاتێکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک لە بەغدا لەگەڵ حکومەتی عێراق بەدوای رێگەچارەیەکدا دەگەڕێن تاوەکو کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکەن، لە لیژنەی داراییەوە هەڕەشەی ئەوە دەکرێت لەدوای ناردنی دوایین 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، رێگە بە پێدانی قەرزی دیکە نادرێت.
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ناردنی قەرز نایاساییە و ئەو هۆشدارییەیان بە بانکەکانی رەشید، رافیدەین و تی بی ئاییش داوە.
 
یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەردەوامیدان بە قەرز پێچەوانەی یاسایە، لە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی بانکەکانی رافیدەین و رەشید و تی بی ئای، ئاگادارمان کردنەوە بە شێوەیەکی فەرمی هەر قەرزێک بدەن دوای ئەم قەرزانەی ئێستا، بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، رووبەڕووی داواکاری گشتییان دەکەینەوە تاوەکو رێوشوێنیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، چونکە ئەوە پێچەوانەی یاسایە، ئێمە دەمانەوێت ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکرێت."
 
بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق پێدانی مووچە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە رێگەی کارتی زیرەکەوە هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق بە تاکە چارەسەر دەزانن، بەڵام بۆ ئەمەیان هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی نییە.
 
عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتار ئاماژە بەوە دەکات، "ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران واژۆمان کۆکردووەتەوە تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم[ی کوردستان] لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە رێگەی کارتی زیرەکەوە دابەشبکرێت، واتە لە بەغداوە راستەوخۆ لەو رێگەیەوە مووچەکانیان پێبگات، چونکە فەرمانبەران گوناهیان نییە بەم شێوەیە مامەڵیان لەگەڵ دەکرێت بەهۆی ئەو ناکۆکییە سیاسییەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە."
 
هەرچەندە لەسەر ئاستی حکومی هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆی جیدی و چڕدان بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام زۆرجاران وابووە لە کۆبوونەوە سیاسییەکان سەرکردەکان بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەیان داوە.