سوودانی: قوربانییەکانی رووداوەکانی هاتووچۆ هاوتایە لەگەڵ قوربانییەکانمان لە شەڕی داعش

 
رووداو دیجیتاڵ

زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراقی بردە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆ بۆ بەدواداچوونی هۆکار و گرفتەکان. سوودانی رووی لە ئەفسەرانی هاتووچۆ کرد و هۆشداریی دا لە زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ، بە شێوەک هاوتای قوربانییانی شەڕی داعشە.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "رووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانییەکان ئێستا ژمارەیەکی زۆرن، تەنانەت ژمارەکە هاوتایە لەگەڵ قوربانییەکانمان لە شەڕی داعش دا، ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە، لە زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن رووداوەکانی هاتووچۆ ئابڕووبەرانە بوون، بەتایبەتی زیارەتکارانی بیانی؛ کەواتە کێشەیەکی راستەقینە لە رێگە و بانەکان دا هەیە".
 
بەپێی ئاماری هاتووچۆی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئاب، زیاتر لە 4500 رووداوی هاتووچۆ و رۆژانەش نزیکەی 12900 سەرپێچیی هاتووچۆ لە عێراق تۆمار کراون، ئەمەش جگە لە هەرێمی کوردستان.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵانە ژمارەی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات، ئێستا نزیکەی حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە هەموو جۆرەکانیەوە هەن، ئەمەش وێڕای ماتۆڕسکیل و توک توک، کە ژمارەیان لەنێوان 250 - 300 هەزارە؛ فەرمانگەکانی دەوڵەتیش نزیکەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراویان هەیە. لەو حەوت ملیۆنە، نزیکەی 4 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە شەقامەکانی بەغدا هاتووچۆ دەکەن.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "ئەو رسوومات و داهاتەی کە دەبڕێت، پێویستە لەو رێگەیانە خەرج بکرێن کە کێشەیان تێدایە، زۆر رێگە ناوی نراوە رێگەی مەرگە، بەشێکی زۆرمان لە پلانی بودجەی 2023دا چارەسەر کردووە و پرۆژەکان جێبەجێ دەکەین، پشت بە خودا دەکرێت ئەو بابەتە کۆتایی پێبێت."
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی ئاماری وەزارەتی پلادانانی عێراق، پار 11523 رووداوی هاتووچۆ تۆمار کراون کە بەراورد بە 2021، نزیکەی 8.1%ی رووداوەکان زیادیان کردووە و بەهۆیەوە 3021 کەس گیانیان لەدەستداوە.