مقاوەمەی عێراق: پەیوەندیمان بە هێرشەکەی کۆرمۆرەوە نییە

رووداو دیجیتاڵ

ئەو هاوپەیمانییە چەکدارەی کە خۆی بە "مقاوەمەی عێراق" دەناسێنێت، رەتیدەکاتەوە گرووپەکانیان لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ تێوەگلابن و رایدەگەیێنێت، ئەوانەی تۆمەتباریان دەکەن "لایەنی چەپەڵ و ئاژاوەگێڕن" کە دەیانەوێت "ململانێ هەرێمییەکان پەردەپۆش بکەن"، دەشڵێت: "ئامادەین بەشداری لە لێکۆڵینەوەکاندا بکەین."
 
ئەمڕۆ شەممە، 29-11-2025، ناوەندی هاوئاهەنگیی موقاوەمەی عێراق لە راگەیێندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی شەوی چوارشەممەی رابردوو بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوکردەوە.
 
لە بەشێکیدا هاتووە: "تۆمەتبارکردنی گرووپەکانی مقاوەمەی عێراق بەم هێرشە لەلایەن میدیای چەواشەکارەوە، دەستی لایەنی چەپەڵی لەپشتە کە دەیانەوێت دۆخەکە بشێوێنن و ململانێی هەرێمی پەردەپۆش بکەن."
 
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە "مقاوەمە لە ئەجێندایدا نییە هیچ پێگەیەکی سڤیل بکاتە ئامانج و چەکەکانیان هەمیشە رووەو داگیرکەرانە."
 
مقاوەمە ئامادەیی خۆیشی نیشانداوە "بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوە" فەرمییەکان بۆ ئاشکراکردنی بکەرانی هێرشەکە و پاراستنی ژێرخانی ئابووریی عێراق، هەورەها ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشتریش ئامادەییان نیشانداوە "ببنە بەشێک لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پاراستنی ئاسمانی عێراق تاوەکو سەروەریی تەواو بەدەست دەهێنرێت."
 
شەوی چوارشەممە، هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ. بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای دانەگاز، هێرشەکە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی چارەسەرکردنی گاز و راوەستانی بەرهەمهێنان کە رۆژانە نزیکەی 750 ملیۆن پێ سێجایە.
 
بەهۆی راوەستانی بەرهەمهێنانەوە، گرفت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا دروستبوو، کە بووە هۆی بڕانی 80٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق هێرشەکەی بە "کردەوەی تیرۆریستی" ناوبرد کە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ئابووریی عێراقە. هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردنەوەن.
 
ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "تیرۆریستی" ناویبرد، هۆشداریشی دا لەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها تورکیا نیگەرانیی خۆی دەربڕی.
 
لە ئاستی نێوخۆشدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای لێکۆڵینەوەی گشتگیری کرد. هاوکات حکومەتی فیدراڵیی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە پێکهێناوە.
 
کێڵگەی کۆرمۆر کە یەدەگەکەی بە 9.2 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت، لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 15 جار بە درۆن و مووشەک کراوەتە ئامانج، دیارترینیان لە نیسانی 2024 بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کرێکاری یەمەنی.
 
دەقی راگەیێندراوی ناوەندی هاوئاهەنگی مقاوەمەی عێراق:
 
سەبارەت بەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سلێمانی، ناوەندی هاوئاهەنگیی مقاوەمەی عێراق جەخت لەمانەی خوارەوە دەکاتەوە:
یەکەم: تۆمەتبارکردنی گرووپەکانی مقاوەمەی عێراق بەم هێرشە لەلایەن میدیای چەواشەکارەوە، دەستی لایەنی چەپەڵ و ئاژاوەگێڕی لەپشتە کە دەیانەوێت دۆخەکە بشێوێنن و ململانێی هەرێمی پەردەپۆش بکەن.

 

دووەم: بەئامانجگرتنی هیچ پێگەیەکی سڤیل لە ئەجێندای مقاوەمەدا نییە، چەکی موقاوەمە هەمیشە رووەو داگیرکەرانە.
سێیەم: مقاوەمەی عێراق ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوە لەو دەستدرێژییە دووبارانە، بەتایبەتی ئەوانەی ژێرخان و سامانە نیشتمانییەکان دەکەنە ئامانج؛ پێشتریش ئامادەیی خۆی نیشانداوە کە ببێتە بەشێک لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و پاراستنی ئاسمانی عێراق، تاوەکو سەروەریی تەواوی نیشتمانی بەدەست دەهێنرێت.