مارک ساڤایا بۆ رووداو: پەیامی تایبەتی سەرۆک ترەمپم پێیە بۆ سەرکردایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەگەمە عێراق و گوتیشی: " پەیامی تایبەتی سەرۆک ترەمپم پێیە بۆ سەرکردایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستان."
نوێنەرە نوێیەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ئاماژەی بە گۆڕانکاریی لە عێراقدا کرد و گوتی: "گۆڕانکاریی گەورە لە عێراق بەڕێوەیە و لەمەودوا هەمووان لەجێگەی گوفتار، کردار دەبینن."
مارک ساڤایا، لە ساڵی 1985 لە عێراق لەدایکبووە و لە ساڵانی 1990ـەکاندا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا و لەو کاتەوە لەوێ نیشتەجێیە.
رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مارک ساڤایای وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشان کرد.
رۆژی 18ی تشرینی دووەم، مارک ساڤایا رایگەیاند، فەرمانی دەستبەکاربوونی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەرگرتووە.