لە موسڵ کچێکی شنگالی بە جلی بابا نوئێلەوە دیاری بە منداڵان دەدات
رووداو - موسڵ
شەیما عەباس کچێکی کوردی خەڵکی شنگالە، تەمەنی 23 ساڵە، رۆژانە جلی سووری بابا نوئێل دەپۆشێت و بە پایسکیل بەناو کۆڵان و ماڵە وێرانەکانی موسڵدا دەگەڕێت و دیاری بە منداڵان دەدات.
بەر لە شەش ساڵ داعش ترس و شەڕی لە موسڵدا بڵاوکردەوە و، ئێستا شەیما دڵی ئەو منداڵە موسڵییانە خۆش دەکات کە لەو سەردەمەدا لەدایکبوون و، سەمایان لەگەڵ دەکات.
شەیمان موسڵمانی خەڵکی شنگالە، دوای تێپەڕاندنی پێنج ساڵ ژیان لەنێو کەمپدا، ئێستا لە هەولێر دەژی. جا لەبەر ئەوەی دایکی عەرەبە و زیاتر لەگەڵ هاوڕێ عەرەب و کریستیانەکانیدا تێکەڵە، کوردی بە باشی نازانێت.
شەیما عەباسی دەڵێت: "بە راستی منداڵانی موسڵ زۆر پێویستیان بە پشتیوانیی دەروونییە. زۆر شەڕ و ئاڵۆزییان دیوە. لەبەر ئەوە من دەمەوێت ئەم چالاکییە بکەم تاوەکو خۆشی بخەمە دڵیانەوە. هەرچەندە ئەو دیارییانەی ڤمن پێشکەشیان دەکەم بچووکن، بەڵام من دەمەوێت خۆشحاڵیان بکەم."
هەبوونی شەیما بەو جلوبەرگەوە لەناو کەلاوە و خانووەکانیاندا لە سەر و سیامای منداڵەکاندا رەنگی داوەتەوە.
سەمەر نازم، منداڵێکی موسڵییە و دەڵێت: "زۆر سوپاسی ماما نوئێل دەکەم کە دیاریی بەسەردا دابەش کردین. ئێمەی دڵخۆش کرد و دەمامکیشی داینێ."
عەلی جەعفەر، منداڵێکی موسڵییە و دەڵێت: "ئێمە خۆشمان دەوێت و، هەموو منداڵان دڵخۆش دەکات."
شەیما پێنج ساڵە جالاکڤانی بواری منداڵانە. چەندین بەهرەی هونەری و وەرزشیی هەیە و یاریزانی بەرزکردنەوەی قورساییە و لە لەندەن نوێنەرایەتیی عێراقی کردووە و لە ئیسپانیاش بەشداریی پێشانگەی شێوەکاریی کردووە. ئێستا لە هەولێر سەرپەرشتیی گرووپێکی وەرزشیی ئافرەتان دەکات کە 184 کەسن.