سێ کۆتای کریستیان فراکسیۆنێک لە پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
سێ کۆتای کریستیانی پەرلەمانی عێراق کە نوێنەرى هەولێر و کەرکووک و دهۆکن، فراکسیۆنێک دروست دەکەن و بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووش کار لەسەر وەرگرتنی پۆستی یەکێک لە بڕیاردەرانی پەرلەمان دەدەن.
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوە دەکات بۆ سوێندخواردنی ئەندامانی و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی.
کلدۆ رەمزی، بەربژێری سەرکەوتووی کۆتای کریستیانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەدوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، سێ کۆتای کریستیانەکان فراکسیۆنێک وەک گەورەترین فراکسیۆنی کریستیان لە پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن و بە راگەیێندراوێک ناوی فراکسیۆنەکە بڵاودەکەنەوە."
ئەندامانی ئەو فراکسیۆنە کریستیانە پێکدێن لە کلدۆ رەمزی - بازنەی هەولێر، سامی ئۆشانە - بازنەی دهۆک و عیماد یوخەنا - بازنەی کەرکووک.
کلدۆ رەمزی رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکانی دواتری پەرلەمانی عێراق بڕیاردەری پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین." پەرلەمانی عێراق دوو بڕیاردەری هەیە کە دەدرێت بە دوو ئەندامی کریستیان و تورکمان.
جگە لەو سێ ئەندامەی کۆتای کریستیان، ئیڤان فایەق، لە بازنەی بەغدا و ئەسوان کلدانی، لە بازنەی نەینەوا، وەک کۆتای کریستیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتوون.