یەکەم دانیشتنی پەرلەمان؛ سامەڕایی کشایەوە و سێ کەس خۆیان بۆ سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد
رووداو دیجیتاڵ
موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کشانەوەی لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان راگەیاند بۆ پاڵپشتیی هەیبەت حەلبووسی، بەربژێری ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان. بەمەش ژمارەی بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستە بووە سێ کەس کە یەکێکیان شیعەیە.
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام کرد و پەرلەمانتاران سوێندی دەستووریی دەستبەکاربوونیان خوارد و دەرگای بەربژێربوون بۆ پۆستى سەرۆکی پەرلەمان کرایەوە.
هەیبەت حەلبووسی، بەربژێری ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، سالم عیساوی لە هاوپەیمانیی سەروەریی سوننە و عومەر عەبدولجەبار کە پەرلەمانتارێکی شیعەیە، خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کە شەوی رابردوو بەربژێربوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان راگەیاندبوو، کشایەوە.
موسەننا سامەڕایی لەنێو هۆڵی پەرلەماندا گوتی: "هاوپەیمانیی عەزم پەرۆش بووە بۆ ئەوەی هەمیشە پاڵپشت بێت و بەدەر بێت لە هەر ململانێ یان بەشێک بێت لە هەر گرژییەکی سیاسی. لەسەر داخوازی و بە ویستی پەرلەمانتارانی سوننە و لایەنە سوننەکان و ویستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پاڵپشتیی هەیبەت حەلبووسی، کشانەوەی خۆم رادەگەیێنم بۆ پاڵپشتیی پڕۆسەی سیاسی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم."
شەوی رابردوو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان هەیبەت حەلبووسییان هەڵبژارد، بەڵام موسەننا سامەڕایی سەرەتا بەو بڕیارە ڕازی نەبوو و بڕیاریدا خۆی بەربژێر بکات، بەڵام دواتر کشایەوە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم سوپاسی ئەو هەڵوێستەی موسەننا سامەڕایی کرد بۆ کشانەوەکەی و گوتی: "ئەمە ئاماژەی پەرۆشییە بۆ یەکخستنی تێڕوانینی سیاسی لەنێو ئەنجوومەنی سیاسی."