پارێزگاری نەجەف وادەى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکەى دیاریکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەى نووسراوێکى پارێزگارى نەجەف، کە لە 29-01-2024 ئاراستەى ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکەى کردووە، داوا دەکات ئەنجوومەنى نوێ یەکەم کۆبوونەوەى خۆى بکات.
 
ماجید وائیلی، پارێزگارى نەجەف رۆژى 3ى شوباتى بۆ یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێى پارێزگا لە باڵەخانەى ئەنجوومەنەکە دیاریکردووە. ئەوەش لەدوای ئەوەیە، ئەندامە نوێیەکانى ئەنجوومەنەکە لە 25-01-2024 لەبەردەم دادگەى پێداچوونەوەى نەجەف سوێندى یاساییان خوارد بۆ دەستبەکاربوون.
 
بەگوێرەى یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمدا، کە تایبەتە بە کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و لە ساڵى 2008  پەسند کراوە، پێویستە لەدواى 15 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، پارێزگارەکان داواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیان بکەن.
 
رۆژی 21-01-2024 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، بەوپێیە دەبێت تاوەکو 4ى شوبات پارێزگارەکان داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێى پارێزگار بکەن.
 
ئەگەر لەو ماوەیەى دیاریکراوە، پارێزگارەکان داواى کۆبوونەوەیان نەکرد، ئەنجوومەنى نوێى پارێزگار دەتوانێت لە 16یەمین رۆژدا خۆى یەکەم کۆبوونەوە بکات بە سەرۆکایەتیى بەتەمەنترین ئەندامى، بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و دواتریش پارێزگار هەڵدەبژێردرێت.