لیژنەکانى گەڕانەوەى ئاوارەکان لە عێراق دەستبەکاردەبن و سێ رێگە دەخرێتە بەردەم ئاوارەکان
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى تایبەت لە چەند پارێزگایەکى عێراق بە سەرۆکایەتیى یاریدەدەرى پارێزگارەکان بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکان دەستبەکار دەبن و سێ ئەگەر دەخرێتە بەردەم ئاوارەکان، بەرپرسێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت: "نابێت تاوەکو 30ى تەممووز هیچ کەمپێکى ئاوارەی تێدا بمێنێت".
رۆژی 30ى کانوونى دووەمى 2024، عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە نووسراوى فەرمییان بۆ ئەو پارێزگایانە کردووە، کە ئاوارەیان هەیە لە پارێزگاکانى دیکە بۆ ئەوەى لێژنەیەکى تایبەت بە گەڕاندنەوەیان دەستبەکار بن بۆ چارەسەرى کێشەى ئاوارەکان.
عەلى جیهانگیر رایگەیاند: "ئەو لیژنانە بەسەرۆکایەتیی یاریدەدەرى پارێزگارى هەریەک لەو پارێزگایە و بە بەشداریی نوێنەرى دەزگا ئەمنییەکان و تەندروستى و شارەوانى پەروەردە و چەند فەرمانگەیەکى دیکەن و ناوى ئەو ئاوارانەیان بۆ دەنێردرێت کە کێشەى جیاوازیان هەیە، تاوەکو لەدواى وردبینیى کێشەکە بۆچوونى خۆیان بخەنەڕوو و کێشەکەیان بۆ چارەسەربکەن بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە زێدى خۆیان."
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 150 هەزار خێزانی ئاوارە لە عێراقدا هەن، کە زیاتر لە 100 هەزار خێزانیان لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستانن.
لیژنەکە پارێزگاکانى نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار دەگرێتەوە، کە زۆرینەى ئاوارەکان خەڵکى ئەو پارێزگایانەن.
بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاماژەى بەوەشدا کە بەگوێرەى ئەو پلانەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دایناوە، دەبێت تاوەکو 30ى تەممووز هیچ کەمپێکى ئاوارە لە عێراق نەمێنێت و سێ ئەگەر هەیە کە یان ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە زێدى خۆیان، یان لەو پارێزگایانە بمێننەوە کە بۆى ئاوارە بوون و تێیدا جێگیر بن، یان بچنە پارێزگایەکى دیکە جگە لە پارێزگاکەى خۆیان و ئەوەى بۆى ئاوارە بوون.