فەرماندەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و ئێران لەبارەی پاراستنی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و ئێران بە بەشداریی نوێنەری ناوچەکى یەکى پاسەوانى سنووری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و پرسی پاراستنی سنووری نێوانیان تاوتوێ کرد.
 
کۆبوونەوەکە پێنجشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2026 لە شاری بەدرە لە سنووری پارێزگای واست ئەنجام درا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پاسەوانی سنووری عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد عەلی گودەرزی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران و محەممەد عەبدولوەهاب سوکەر، هاوتا عێراقییەکەی و هەندێک لە بەرپرسانی دیکە بەشدار بوون.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هێزەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی هێزەکانی ناوچەی یەک کە لە سنووری هەرێمی کوردستانە، لەگەڵ فەرماندەی ناوچەکانی سێ و چوار بەشدار بوون کە بەرپرسی ناوچە سنوورییەکانی ناوەڕاست و باشوورن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
فەرماندەیی پاسەوانی سنووریی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە کۆبوونەوەکە بۆ کاراکردنەوەی لیژنەکانی نێوانیان و هاوئاهەنگیی هاوبەش بووە لەپێناو بەهێزکردنی سنوور و رێگری لە دزەکردن و قاچاخبردن بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی ئەمنیی هاوبەشی نێوانیان بێت.
 
سەرچاوەکەی رووداو لە فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو جۆرە کۆبوونەوانە لەنێوان فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران و عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسانەیە کە هەڵپەسێردراون.
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە 1600 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.