سکاڵا لەدژی زیادکردنی 20%ى باجی ئینتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوو سکاڵا لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق تۆماردەکرێن لە دژی گەڕاندنەوەی کارکردن بە باجی 20%ی سەر خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندیی مۆبایل، کە بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى فیدراڵ کراوە.
سکاڵاکان بە جیا لەلایەن مستەفا سەنەد و محەممەد جاسم، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، لەدژی سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار کراون.
سکاڵاکاران داوایان کردووە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە نادەستووری هەژمار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی کارکردن بە رێژەی 20%ی باج لەسەر خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندیی تەلەفۆنی، بەوپێیەی بە بڕواى سکاڵاکاران بڕیارەکە لە دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەردا نییە.
ئەحمەد مازن مەکیە، پارێزەری ئەو سکاڵایانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "سکاڵاکان لەسەر ئەو بنەمایەیە لەو ماوەیەدا دەرکراون، کە حکومەت کاربەڕێکەرە، دەسەڵاتەکانی لەو ماوەیەدا دیاریکراوە و نەدەبوو بڕیارێک دەربکرێت کە لێکەوتەی دارایی هەبێت و کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان هەبێت."
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 21ی کانوونی یەکەمى 2025 دەرکراوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی شرۆڤەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لە 11ی تشرینی دووەمی پارەوە حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر، ئەوەش بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمان و کۆتاییهاتنی خولی پێنجەم.
باجی 20%ی سەر خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندی لە یاسای بودجەى سێ ساڵەی عێراق (2023 بۆ 2025) راگیرابوو؛ گەڕاندنەوەى کارکردن بەو رێژەى باجە، لێکەوتەی لەسەر زیادبوونى نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت دەبێت.
ئەحمەد مازن مەکیە رایگەیاند: "لە سکاڵاکەدا داوایان نەکردووە ئەو رێژەی 20%ی باجە بگەڕێنرێتەوە بۆ کۆمپانیاکان، چونکە بە کردارى خراوەتە سەر شانى هاووڵاتییان لە رێگەی زیادکردنی نرخی کارتی مۆبایل و خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، پێویست بوو لەسەر حکومەت کە کۆمپانیاکان ناچار بکات ئەو باجە بگرنە ئەستۆ بەبێ ئەوەی زیادبوونەکە بخەنە سەر شانی هاووڵاتییان.
یەکەم دانیشتنی تایبەت بەو دوو سکاڵایە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقەوە لە 17ی شوباتی 2026 دەکرێت.