پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە و 52 پەرلەمانتار داوایەک ئاراستەی پارتی و یەکێتی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری کۆبوونەوەی داهاتووی خۆی بڵاوکردەوە، تێیدا بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق جێگیرکراوە. هاوکات 52 پەرلەمانتار لە نووسراوێکدا داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەن، پێش وادەی کۆبوونەوەکە پرسی بەربژێری سەرۆککۆمار یەکلایی بکەنەوە.
 
بەپێی ئەو کارنامەیەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، کاژێر 11:00ی  پێشنیوەڕۆ، کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستپێبکات، کارنامەکەیشی لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکهاتووە: یەکەم، سوێندی دەستووریی چەند پەرلەمانتارێک و دووەم، هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق.
 
هاوکات 52 پەرلەمانتاری عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی فراکسیۆنە سیاسییەکانیان کردووە، داوایان کردووە پابەندبن بەو وادەیەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لە دانیشتنی راوێژکاریدا کرابوو بۆ دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ رۆژی یەکشەممە.
 
یوسف کلابی، پەرلەمانتاری عێراق و یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆی لەسەر نووسراوەکە کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دواخستنەکە لەسەر داوای پارتی و یەکێتی بوو، بۆیە داوا لەو دوو لایەنە دەکەین ئەم پرسە پێش رۆژی یەکشەممە یەکلایی بکەنەوە، وەک رێزێک بۆ عێراق و گەلەکەی و بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی وڵات و ناوچەکە دەبنەوە."
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "هیوادارین ئەو دوو حیزبە رێکبکەون، ئەگەرنا هەریەکە و بە بەربژێری خۆی بەشداری دەکات و ئەوکات پڕۆسەی دەنگدان هەندێک ئاڵنگاری بۆ دروست دەبێت."
 
بڕیاربوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 27ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکەی دواخست.