لە 1ی نیسانەوە تەنیا کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق زیاتر لە 36 ملیۆن و 700 هەزار کەس لە سیستمی کارتی نیشتمانی تۆمار کراون. وەزیری ناوخۆ، قۆناخی دووەمی سیستەمەکەی راگەیاند و لە "1ی نیسانەوە مامەڵەکردنی کاخەزی بە ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە لە نێوخۆی وڵات رادەگیرێت."
رۆژی شەممە 30ی ئاداری 2024 عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە عێراق 328 فەرمانگەی پرۆژەی کارتی نیشتمانی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق هەن و 36 ملیۆن و 751 هەزار و 362 کەس لە سیستمی کارتی نیشتمانی تۆمار کراون.
وەزیری ناوخۆی عێراق روونیکردەوە، کارتی نیشتمانی داتا و زانیاری لەبارەی رەگەز، ئایین، لەدایکبوون، باری کۆمەڵایەتی و چاودێری، نیشتەجێبوون و گۆڕانکاریی ژیان و هەموو خەسڵەتە ئاسایی و کەسییەکان تێدایە.
عەبدولئەمیر شمەری جەختی لەوە کردەوە، وەکو هەنگاوی یەکەم لە نێوخۆی عێراقدا لە 01-04-2024 مامەڵەکردن بە بەڵگەنامە کاخەزییەکانی ناسنامەی باری کەسی و رەگەزنامەی عێراقی رادەگیرێت، ئەوەش پاڵپشتە بە یاسای کارتی نیشتمانیی ساڵی 2016.
وەزیری ناوخۆ قۆناخی دووەمی پرۆژی کارتی نیشتمانیی راگەیاند، کە لە باڵیۆزخانەکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، هەروەها کاراکردنی سیستمی ناوەندی؛ وەکو وەزیر باسی کرد، کاریگەریی کارای دەبێت لە دڵنیابوون لە داتا و زانیارییەکان و بەستانەوە بە داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەکانی دیکە، پەیڕەوێکی نوێ لە پێدانی زانیارییەکان فەراهەم دەکات، شوێنێکی تۆمارکردنی ناوەندی دروست دەکرێت، کە ئامانجەکەی ئەوەیە هاووڵاتییان خۆیان تێیدا تۆمار بکەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی تۆماری بنەڕەتییان.
وەزیری ناوخۆ راشیگەیاند، هەر لە قۆناخی دووەمدا زانیاریی نیشتەجێبوون بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت.
بەغدا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای "چی ئێن دی"ی ئهڵمانی واژۆ کردووە و تێچووی پرۆژەکە 120 ملیۆن دۆلار دەبێت، نووسینی سەر كارتەكەش بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبییە.
ئەو کارتە دەبێتە جێگرەوەی سێ بەڵگەنامە (رەگەزنامە، ناسنامەی باری شارستانی و كارتی زانیاری)، 20 نهێنی كەسی هەر تاکێک لەخۆدەگرێت و ساختەكردنی ئەستەمە.