حیزبوڵڵای عێراق: سەری داگیرکەری ئەمریکی پان دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق رایگەیاند، هێرشە "جۆرییەکان" بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا زیاد دەکەن و هاتنی یەمەن بۆ ناو بەرەی "موقاوەمە" هێزێکی گەورەی بەوان بەخشیوە.
ئەبو حوسێن حەمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق رایگەیاند، هاتنی "شێرەکانی یەمەن" بۆ بەرەی جەنگ دژی ئیسرائیل و ئەمریکا، وەکو پاڵپشتییەکی خودایی و "زیادبوونێکی جۆری" دەبینن بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی دیکەی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا حەمێداوی ستایشی حیزبوڵڵای لوبنانی کرد، بە "تاجی موقاوەمە" ناوی برد و رایگەیاند، نابێت بە تەنیا جێبهێڵدرێت، چونکە وەک ئەو دەڵێت، حیزبوڵڵا هەموو شتێکی خۆی بە قوربانی دۆزی فەلەستین کردووە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا، ئەمینداری کەتیبەکانی حیزبوڵڵا داوای لە خەڵکی وڵاتەکە کرد، پێگەی راستەقینەی خۆیان بگێڕنەوە و سەرکۆنەی "جۆلانی" و گرووپەکەی کرد، بەوەی کە بوونەتە داردەستی پڕۆژەی دووژمنان.
حەمێداوی هەڕەشەیەکی تووند ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "زیادکردنی هێرشە جۆرییەکان - نەک تەنیا چەندایەتی - دەبێتە هۆی تێکشکاندنی دووژمن، بە پشتیوانیی خودا جەنگاوەرانمان لە عێراق سەری دەستدرێژکاری ئەمریکی پان دەکەینەوە."
حەمێداوی ئاماژەی بەوە کرد کە پیلانەکانی ترەمپ و نەتەنیاهوو بۆ تێکدانی سەقامگیری ئێران شکستی هێناوە و ئێستا شەقامی ئەمریکی دژی سیاسەتەکانی ترەمپ راپەڕیوە، گوتیشی، "هیوادارم بەم نزیکانە لەرزین و داڕمان لە ناوخۆی ئیسرائیل ببینین."