گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: لە ئاداردا 12 کەشتی گەیشتوونەتە بەندەرەکانی بەسرە
رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی ئاداردا 12 کەشتیی گواستنەوەی کاڵا لە سێ بەندەری سەرەکیی بەسرەی باشووری عێراق لەنگەریان گرتووە، هەندێکیان خۆراکیان گواستووەتەوە، ئەوەش سەرەڕای داخستنی تەنگەی هورمز بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی مانگی ئاداردا کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی دەریایی بەردەوام بووە لە کارەکانی بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی ئەو کەشتییانەی روو دەکەنە بەندەرەکانی بەسرە و لەو ماوەیەدا 12 کەشتی لە سێ سەکۆ لەنگەریان گرتووە."
لە 28ـی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، بەو هۆیەوە تەنگەی هورمز داخراوە کە دەروازەی گەیشتنی کەشتییەکانە بە عێراق.
مەیسەم سافی رایگەیاند: یەکێک لە کەشتییەکان کە گەیشتووەتە بەندەرەکانی بەسرە، 50 تۆن کاڵای پێ بووە و لە ئیماراتەوە هاتووە، کەشتییەکی دیکە 957 کۆنتێنەری لە هەمان وڵاتەوە بۆ عێراق گواستووەتەوە، هەندێک لە کەشتییەکانی دیکەش برنج، گەنم و شەکریان گواستووەتەوە.
بەندەرەکانی بەسرە دەروازەى سەرەکیی هەناردەی نەوتەکەی و هاوردەکردنی کاڵایە بۆ عێراق.