گرووپی مقاوەمە: مووشەکی "گراد"مان لە بەغدا بەکارنەهێناوە


رووداو دیجیتاڵ  

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق دەڵێت، بەکارهێنانی مووشەکی جۆری "گراد" بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان لەنێو بەغدا، مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروست دەکات و ئەو جۆرە چەکەیان بەکارنەهێناوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی گرووپی مقاوەمە کە ئێوارە دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، بڵاوکراوەتەوە، "ئاراستەکردنی مووشەکی گراد بۆ سەر بنکە و سەربازگەکانی دووژمن لەنێو شاری بەغدا، ژیانی هاووڵاتییانی بێتاوان دەخاتە مەترسییەوە، هەربۆیە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ سەلامەتیی خەڵک، بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکانە رەتدەکەینەوە کە رەنگە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە دانیشتووان و موڵک و ماڵی گشتی."
 
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەنێو شارەکەدا بە "سەرچاوەی سەرەکیی مەترسی" بۆ سەر دانیشتووان داناوە.
 
گرووپی مقاوەمە ئیسلامیی عێراق داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "بە جیدی کار بکات بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا"، وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی ژیان، ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتییانی پایتەخت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە بنکەیەکی سەربازیی سوپای عێراق لە بەغدا بە مووشەک هێرشی کرایەسەر و بەو هۆیەوە فڕۆکەیەکی سەربازی سەر بە یەکەی ئاسمانی تێکشکا.
 
هێرشەکە کاژێر 1:55ی بەرەبەیانی دووشەممە کرا و بنکەی ئاسمانیی شەهید محەممەد عەلای کردە ئامانج.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەو بنکەیە بە مووشەکی جۆری گرادی 122 ملیم هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا فڕۆکەیەکی سەربازیی جۆری 132Antonov- تێکشکاوە کە سەر بە یەکەی ئاسمانی بووە، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە رێکارەکان بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و گەڕان بەدوای ئەو شوێنەی مووشەکەکانی لێوە هەڵدراوە.
 
بنکەی سەربازیی شەهید محەممەد عەلا لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی سەربازیی سنووری فڕۆکەخانەی بەغدایە و سەر بە یەکەی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگریی عێراقە.
 
وەزارەتی بەرگری سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و بە کارێکی تاوانکاریی ترسنۆکانە ناوی برد و جەختی کردەوە کە نەرمی نانوێنێت بەرامبەر هەر لایەنێک ماف بە خۆی بدات زیان بە ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی بگەیێنێت.
 
هەروەها بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیاری دا بە کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی ورد و فراوان لەگەڵ ئەو فەرماندە ئەمنییانەی کە سنووری مەدائین دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئەوان، بەهۆی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییەی شەوی رابردوو لەو ناوچەیەدا روویدا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی مەدائین، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگریی مەدائین، فەرماندەی فەوجی دوو لە لیوای چواری پۆلیسی فیدراڵی دەستبەجێ لە پۆستەکانیان لادران و دەستبەسەرکراون و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.
 
هەر بەپێی بڕیارەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ زانینی وردەکاری و هۆکارەکانی هاویشتنی 4 مووشەک بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کە لە سنووری دەسەڵاتی ئەو فەرماندەیانەوە ئاراستە کرابوون، تاوەکو ئەو کەلێنە ئەمنییانە دیاری بکرێن، کە بوونە هۆی روودانی هێرشەکە.
 
عەبدولئەمیر شەمەری رایگەیاندووە، دامەزراوە ئەمنییەکان بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کەمتەرخەمی ناکەن لە پاراستنی شوێنە گرنگ و ستراتیژییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا. جەختیشی کردەوە کە سزاکان هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەسەلمێندرێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ناوچەکانیان کەمتەرخەم بوون.