کریستیانەکان داوا دەکەن 1ـی نیسان بکرێتە پشووی فەرمی لە سەرانسەری عێراقدا


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانای کریستیان لە پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات رۆژی 1ـی نیسان (جەژنی ئەکیتۆ) وەک پشوویەکی فەرمی بۆ هەموو عێراقییەکان بناسێنرێت، ئەوەش وەک رێزگرتنێک بۆ مێژوو و شارستانییەتی کۆنی وڵاتەکە.

کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانای کریستیان، رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نووسراوێکی فەرمیمان لە رۆژی 28ـی ئادار ئاراستەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، داوامان کردووە جەژنی ئەکیتۆ بکرێتە پشووی نیشتمانی بۆ هەموو پێکهاتەکان، نەوەک تەنیا بۆ کلد و ئاشوور و سریانەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە"
 
کلدۆ رەمزی دەڵێت: "جەژنی ئەکیتۆ یەکێکە لە کۆنترین جەژنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و رەگەکەی بۆ شارستانییەتەکانی بابل و ئاشوور لە وڵاتی نێوان دوو رووبار دەگەڕێتەوە؛ ئەو رۆژە بە هێمای دەستپێکی ساڵی نوێ و نوێبوونەوەی ژیان و پیت و بەرەکەت دادەنرێت."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانای کریستیان گوتیشی، ناساندنی ئەم رۆژە وەک پشووی فەرمی، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی شانازیکردن بە مێژووی شارستانیی عێراق و چەسپاندنی بەهاکانی فرەیی و پێکەوەژیان، چونکە ئەمە جەژنێکی نیشتمانییە و رەنگدانەوەی ناسنامەی مێژوویی عێراقە.
 
ئێستا ساڵی 6776ـی بابلی ئاشوورییە، کریستیانەکان ساڵانە لە 1ـی نیسان کە دەکاتە سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری ئاهەنگ دەگێڕن و خۆشی دەردەبڕن. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری پشووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو رۆژە لە هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.