خاچی سوور لە عێراق: ئۆتۆمبێلەکانمان بۆ کاری دیکە بەکارنەهاتوون
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق رەتیدەکاتەوە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ کاری دیکە جگە لە ئەرکی مرۆیی بەکارهێنرابن، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گواستنەوەی چەکدار لەلایەن ئۆتۆمبێلەکانی ئەو لیژنەیەوە.
یەکشەممە 29ی ئاداری 2026، لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو "راپۆرتە ساختانەیان" بینیوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێنراون جگە لە ئەرکی تایبەت بە کاری مرۆیی.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "دەمانەوێت ئەوە بخەینەڕوو کە ئەو راپۆرتانە بنەمای راستییان نییە و ئەگەر هەیە ئەرکە مرۆییەکەمان بخاتە مەترسییەوە؛ ئۆتۆمبێلەکانمان تەنیا بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و مانگی سووری عێراقی بەکاردەهێنرێن."
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتوون، ئەو روونکردنەوەیە لە دوای ئەوە بووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە بە ئۆتۆمبێلی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق چەکدار گواستراونەتەوە.
لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عێراق دەڵێت: "سەرجەم جووڵەکانمان لە عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانە."