پەرلەمانتارێک: بۆ دەربازبوون لە دۆخی دارایی، یەکێک لە بژارەکان دەرکردنی یاسای قەرزە


رووداو دیجیتاڵ

بۆ دەربازبوونی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق لە دۆخی دارایی، یەکێک لەو رێگەچارانەی باسکراوە دەرکردنی یاسای قەرزە لە پەرلەمانی عێراق. بە گوتەی پەرلەمانتارێک، کاریگەرییەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران دەردەکەون.
 
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئایاری 2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند:" ئەگەر حکومەتی عێراق زوو پێکنەهێنرێت و هەر وەک ئێستا کاربەڕێکەر بێت، یەکێک لەو رێگەچارانەی باسکراوە بۆ چارەسەری کێشەی دارایی ئەوەیە یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق دەربکرێت بۆ ئەوەی حکومەت دەستی واڵا بێت بۆ قەرزکردن."
 
پێشتر لە ساڵی 2020، پەرلەمانی عێراق بۆ دەربازبوون لە دۆخی ناهەمواری دارایی، یاسای قەرزی نێوخۆ و دەرەکیی پەسند کرد کە 12 تریلیۆن دینار بوو، ئەو کات بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نرخى نەوت دابەزی و توانای داراییی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچە کەم بووەوە.
 
جەمال کۆچەر رایگەیاند، بەگوێرەی شرۆڤەی دادگەی باڵای فیدراڵی، حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە و ناتوانێت قەرز بکات، ئەگەر ئەو یاسایە دەربچێت، دەستکراوە دەبێت بۆ قەرزکردن کە زیاتر قەرزی نێوخۆ دەبێت و بۆ خەرجیی لەناکاو و وەبەرهێنان دەبێت.
 
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق دروست بووە، ئەوەش بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز.
 
 ئێستا عێراق رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان - بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکات، لەکاتێکدا بەر لە جەنگ رۆژانە نزیکەى 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە دەکرد. 
 
بە گوتەی جەمال کۆچەر، کە لە خولی پێشووی پەرلەمان ئەندامی لیژنەی دارایی بووە، کێشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق لەسەر دۆخی ئابووریی عێراق لە مانگەکانی ئایار و حوزەیران دەردەکەوێت، بەوپێیەی ئەو نەوتەی ئێستا عێراق دەیفرۆشێت، دوای سێ مانگ پارەکەی وەردەگرێت.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی داراییی فیدراڵی، عێراق مانگانە 88%ی داهاتەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت، خەرجیی مانگانەشی لانیکەم 11.7 تریلیۆن دینارە.