لەمەودوا پشکنینی تیشکی بۆ کاڵا هاوردەکراوەکانی عێراق دەکرێ

 
رووداو دیجیتاڵ

عێراق بڕیاری دا پشکنینی تیشکی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە بکرێ کە باری هاوردەکراو لە دەروازەکانەوە دەبەنە ژوورەوە؛ وردبینی لە ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانیش دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئینتەرپۆڵ.
 
ئەو بڕیارانە دووشەممە 30ی ئاداری 2026 لەلایەن دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە درا.
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاردرا کە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رابسپێردرێ کە لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە وردبینی لەو ئۆتۆمبێلانە بکات هاوردە دەکرێن، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی لە رووی یاساییەوە کێشەیان نییە و فەرمانی دەستبەسەرداگرتنیان نییە.
 
گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەر داوای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکدانەوە و کیمیایی و بایۆلۆژی، بڕیاردراوە کە هەموو ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی بچووک کە کاڵای هاوردەکراو دەباتە نێو عێراقەوە، لە دەروازە سنوورییەکان پشکنینی تیشکییان بۆ بکرێ.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو پشکنینە بۆ پاراستنی بەکاربەرە لە رێگەی رێگری لە هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی کە تیشکدانی مەترسیداریان هەیە.
 
عەلائەدین قەیسی رایگەیاند، لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی بڕیار دراوە لەمەودوا دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە هەردوو دەروازەی عەرعەر لەگەڵ سعودیە و ترێبیل لەگەڵ ئوردن هاوردە بکرێ.