بەهۆی مووشەکبارانکردنی فڕۆکەخانەی بەغدا چەند فەرماندەیەک لە پۆستەکانیان لادەدرێن


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا بە لادان و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە فەرماندە ئەمنییەکانی سنووری قەزای مەدائین، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەو سنوورەوە چوار مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کران.

بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیاری دا بە کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی ورد و فراوان لەگەڵ ئەو فەرماندە ئەمنییانەی کە سنووری مەدائین دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئەوان، بەهۆی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییەی شەوی رابردوو لەو ناوچەیەدا روویدا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی مەدائین، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگریی مەدائین، فەرماندەی فەوجی دوو لە لیوای چواری پۆلیسی فیدراڵی دەستبەجێ لە پۆستەکانیان لادران و دەستبەسەرکراون و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.
 
هەر بەپێی بڕیارەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ زانینی وردەکاری و هۆکارەکانی هاویشتنی 4 مووشەک بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کە لە سنووری دەسەڵاتی ئەو فەرماندەیانەوە ئاراستە کرابوون، تاوەکو ئەو کەلێنە ئەمنییانە دیاری بکرێن، کە بوونە هۆی روودانی هێرشەکە.
 
عەبدولئەمیر شەمەری رایگەیاندووە، دامەزراوە ئەمنییەکان بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کەمتەرخەمی ناکەن لە پاراستنی شوێنە گرنگ و ستراتیژییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا. جەختیشی کردەوە کە سزاکان هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەسەلمێندرێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ناوچەکانیان کەمتەرخەم بوون.