وەستانى کارکردن لە کۆرمۆر 1500 مێگاوات کارەباى عێراق کەمدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

راگرتنى کارکردن لە کێڵگەى گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، 1500 مێگاوات کارەباى لە سیستمى نیشتمانیى عێراق کەمکردووەتەوە و کاریگەریى لەسەر پێدانى کارەبا هەبووە لە کەرکووک و چەند پارێزگایەکى عێراق.
 
ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق لەکاتی بەشداریکردنى لە بوولتەنى نیوڕۆژى رووداو راگەیاند، "ئەو 1500 مێگاواتە لە رێگەى گرێبەستى راکێشانى کارەبا لە هەردوو کۆمپانیای کار و قەیوانەوە دەگەیشت، لەدواى وەستانى کار لە کێڵگەکە ئەو بڕە کارەبایەش نەماوە."
 
کۆمپانیای دانەگاز لە 29ى نیسانەوە بە "شێوەیەکى کاتى" بەرهەمهێنانی لە کێڵگەى کۆرمۆر راگەیاند، ئەویش لەپێناو "سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و کرێکارانى."
 
گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، "کەمبوونەوەى ئەو بڕە کارەبایە کاریگەرى لەسەر پێدانى کارەبای نیشتمانى هەبووە بەتایبەت لە پارێزگاکانى کەرکووک و نەینەوا و سەڵاحەدین، کاریگەریشى لەسەر پارێزگاکانى دیکەى عێراق هەبووە."
 
راگرتنى کارى کۆمپانیاى دانە گاز لە کۆرمۆر، بەهۆى ئەو هێرشە درۆنیەوە بوو کە 26ى نیسان کرایە سەر کێڵگە و بەهۆیەوە چوار کارمەندى کۆمپانیاکە گیانیان لەدەستدا و هەشتى دیکەش بریندار بوون.
 
لە دوو رۆژى رابردوودا پێدانى کارەبا لە شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق کەمبووەوە. گوتەبێژى وەزارەتى کارەبا ئەوەى گەڕاندەوە بۆ زۆری خواست لە وەرزی گەرما و شکانى هیڵێکى گواستنەوەى گازى سەر بە کۆمپانیاى گازى باکوور کە بەهۆیەوە 800 مێگاواتى دیکەى کارەبایان لەدەستداوە.
 
لە وەرزى گەرمادا، عێراق رۆژانە پێویستیى بە 42 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لەکاتێکدا لە باشترین دۆخدا 27 هەزار مێگاوات کارەبار بەرهەم دەهێنێت.