لە سامەڕا شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و داعش روویدا
رووداو دیجیتاڵ
شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و ژمارەیەک چەکداری داعش لە سنووری قەزای سامەڕا لە پارێزگای سەلاحەدین روویدا و لە ئەنجامدا بەرپرسی چەکدارەکانی داعش و دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران.
کاژێر 10:30 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2024، هێزێکی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق سەر بە فەرماندەیی سامەڕا، لە ناوچەی سعیویە گەمارۆی ژمارەیەک چەکداری داعشیان دا و شەڕ لەنێوانیاندا دروستبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لەو شەڕەدا بەرپرسی چەکدارەکانی داعش بەناوی محەممەد ئینتخاب کوژراوە و دوو چەکداری دیکە دەستگیر کراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، هەر لەو شەڕەدا دوو پۆلیس کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها پۆلیسی فیدراڵیی عێراق سێ مۆڵگەی خاپوور کرد و دەستی بەسەر چوار پشتێنەی بۆمبڕێژکراو، بڕێک چەک و تەمەقەنی و هەندێک کەرەستەی گرووپەکەدا گرت، ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوەکە.