گرێبەستێکی نوێی عێراق بەرهەمی کێڵگەیەکی نەوت بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرزدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى نەوتی عێراق گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکى چینى واژۆ دەکات، بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەى رۆژهەڵاتى بەغدا بۆ 100 هەزار بەرمیل، کە ئێستا بەرهەمەکەی 50 هەزار بەرمیلە.
 
گرێبەستەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی نیسانى 2025 لە وەزارەتى نەوت لەگەڵ کۆمپانیاى (EBS)ـی چینی واژۆ کرا، کە پاشکۆى گرێبەستێکی واژۆکراوی پێشووە. 
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، واژۆکردنى ئەو گرێبەستە، بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەى رۆژهەڵاتى بەغدا، دەگەیێنێتە 100 هەزار بەرمیل، ئێستا ئەو کێڵگەیە رۆژانە 45 بۆ 50 هەزار بەرمیل بەرهەم دەھێنێت. 
 
رووبەرى کێڵگەى نەوتى رۆژهەڵاتى بەغدا زیاتر لە 120 کیلۆمەترە، هەندێک لە بیرە نەوتەکانى لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیی ئێران هاوبەشن، یەدەگى نەوتەکەى بە دوو ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت. 
 
پێشتر لە 2023 وەزارەتى نەوت گرێبەستى کنە و پشکنین و دەرهێنانى نەوتى لە کێڵگەى رۆژهەڵاتى بەغدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیا چینییە واژۆکردووە. ئەوەی ئەمڕۆ پاشکۆی ئەو گرێبەستە بوو.
 
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند: "بەگوێرەى ئەو گرێبەستە پاشکۆیە چوار کۆگاى نەوت دروست دەکرێن، کە  لە نێوان سێ بۆ 10 هەزار مەتر سێجا دەبن."