بەرگریی عێراق بۆ رووداو: 14 هێلیکۆپتەری جەنگیمان لە فەرەنسا کڕیوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو هێلیکۆپتەری جەنگیی لە جۆری کاراکاڵی فەرەنسی رادەستی حکومەتی عێراق کران. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای ئیێرپاسی فەرەنسی کردوویانە، تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو، 14 هێلیکۆپتەری جەنگی لە جۆری کاراکاڵی فەرەنسی، دەگەنە عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی نیسان، وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، "لە چوارچێوەی گرێبەستەکەمان لەگەڵ فەرەنسا، وەکو گوژمەی یەکەم؛ دوو هێلیکۆپتەری جەنگیی لە جۆری کاراکاڵ گەیشتنە بەغدا."
لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای ئیێرپاسی فەرەنسی کردوومانە، تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو، 14 هێلیکۆپتەری جەنگی لە جۆری کاراکاڵی فەرەنسی، دەگەنە عێراق."
لیوا تەحسین خەفاجی گوتی، "ئەمڕۆ دوو هێلیکۆپتەریان گەیشتنە بەغدا و لە 26ـی مانگی داهاتوو رادەستی هێزی ئاسمانی دەکرێن."
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، "لە مانگی 6 تاوەکو 10، شەش هێلیکۆپتەری دیکە دەگەنە بەغدا، هەشتەکەی دیکەش لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا بەدەستمان دەگات."
وەک تەحسین خەفاجی دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکان "زۆر پێشکەوتوون"، دەتوانن بڕێکی زۆر تەقەمەنی هەڵبگرن و توانای ئەوەشیان هەیە لە کەشوهەوای سەختدا بە وردیی ئامانجەکانیان بپێکن.
رۆژی پێنجی ئەیلوولی 2024، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئیێرپاسی فەرەنسی واژۆکرد.