دەروازە سنوورییەکانی عێراق: دەستمان بەگواستنەوەى مادە مەترسیدارەکانی بەندەرەکان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق دەستى بە گواستنەوەى ئەو کۆنتێنەرانەى بەندەرەکان کردووە، کە مادەى مەترسیداریان تێدایە، وەک هەنگاوى خۆپارێزى.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی نیسانى 2025 عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دەستەکەیان دەستى کردووە بە رێوشوێنە خۆپارێزییەکان بۆ  گواستنەوەى ئەو کۆنتێنەرانەى بەندەرەکان، کە مادەى مەترسیداریان تێدایە. 
 
ئەو هەنگاوەى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق دواى ئەوە دێت کە 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەر رەجائی لە باشووری ئێران تەقینەوەیەک روویدا و بەوهۆیەوە 40 کەس گیانیانلەدەستدا و نزیکەى 800 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاند، ئەو رێکارە بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بووە و گواستنەوەى ئەو کۆنتێنەرانە سەرجەم بەندەرەکانى پارێزگاى بەسرە دەگرێتەوە. 
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان 9 جۆر بارى مەترسیداریان دیاریکردووە لە بەندەرەکان، کە ئەگەری تەقینەوە و گڕگرتنیان هەیە، لەوانە تایەى ئۆتۆمبێل و بۆن. کاتێک ئەو مادانە لە کۆنتێنەرێکدا دەهێندرێن بە مادەى مەترسیدار هەژمار دەکرێن و دەبێت زووتر بگوێزرێنەوە.