پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: زۆرترین رێژەی هەژاری لە موسەننا و کەمترینی لە هەولێرە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلادانانی عێراق  رایدەگەیێنێت، لە عێراق رێژەی بێکاری 13٪ و هەژاریش 17.5٪یە.  موسەننا هەژارترین پارێزگای عێراقە و کەمترین رێژەی هەژاری لە هەولێرە ؛ هەفتەی داهاتوو بەغدا بەبێ هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەک لەسەر هەژاری و بێکاری ساز دەکات.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێژەی بێکاری لە عێراق بۆ 13% دابەزیوە، لەکاتێکدا پێشتر 16% بوو؛ هەروەها رێژەی هەژارییش بۆ 17.5% کەمبووەتەوە. 
 
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، پارێزگای موسەننا بە رێژەی 43.6% هەژارترین پارێزگای عێراقە و دوای ئەویش بابل دێت بە 34.4% و بەسرە بە 27.9%. کەمترین رێژەی هەژاریش لە هەولێرە کە 5.9%ـە، لە سلێمانی 7.9% و لە کەرکووک 9.5%ـە و لە دهۆکیش 16.5٪یە. 
 
وەزارەتی پلادانانی عێراق، رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، رێژەی هەژاری لە 23%ـی ساڵی 2023ـەوە بۆ 17.6% دابەزیوە؛ هەروەها رێژەی بێکاری لە 16.5%ـەوە بۆ 14% دابەزیوە".  
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، وەزارەتی پلاندانان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، یەکەمین کۆنگرەی زانستیی بێکاری و هەژاری لە بەغدا ساز بکات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامانجی کۆنگرەکەی روونکردەوە و گوتی، "پێداچوونەوە بە هۆکارەکانی بێکاری و هەژاری دەکرێت و لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی نوێ، نەخشەڕێگەیەک دادەنرێت."
 
سەبارەت بە بەشداریی هەرێمی کوردستان، هینداوی گوتی، "هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا بەشدار نییە."