گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی: دەمانەوێت لە دوو هەفتەدا حکومەت پێکبهێنین


 رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڤیتۆی لەسەر هیچ وەزارەتێک نییە کە بۆ کورد یان سوننە بێت و یەکى پێنج وەزارەتیان لەو حکومەتە دەبێت بە گوتەى ئەو دەیانەوێت لە دوو هەفتەدا پێکیبهێنین.
 
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، عەلی دفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: میکانیزمی دابەشکاریی پۆستەکان بۆ حکومەتى داهاتوو  بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت و بەگوێرەی کورسییەکان پۆستە وەزارییەکان دابەش دەکرێن.
 
عەلی دفاعی گوتی: "ئێمە لە ئەنجوومەنی ئیسلامی لەگەڵ ئەبشیر یا عێراق و تەسمیم هاوپەیمانییەکمان هەیە کە 10 کورسی هەیە و  یەک وەزارەتمان بەردەکەوێت."
 
لە 26ی نیسانەوە عەلی فالح زەیدی، وەک بەربژێری راسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستنیشان کراوە کە شیعەکان تێیدا زۆرینە دەبن.
 
عەلی دفاعی رایگەیاند، دەمانەوێت لە ماوەی دوو هەفتەدا حکومەتی نوێ پێکبهێنین و لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ کورد و سوننەش دەکرێت؛ بەگوێرەی ژمارەی کورسی، سوننە پێنج وەزارەت، کورد پێنج وەزارەتی دەبێت و 12 وەزارەت بۆ شیعە دەبێت.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند: هیچ ڤیتۆیەک نییە لەسەرکورد و سوننە بۆ وەرگرتنی وەزارەتێکی دیاریکراو، بەڵام گۆڕانکاری لە جۆری وەزارەتەکان دەکرێت کە پێشتر بەدەست پێکهاتەیەک بووە و دەدرێتە پێکهاتەیەکی دیکە.
 
30 رۆژ لەبەردەم عەلی فالح زەیدییە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت کە پێویستە لەو ماوەیەدا بیباتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت.