ئەو کوڕەی لە بەغدا دەموچاوی کچێکی بە تێزاب سووتاند، دادگایی دەکرێت


رووداو-هەولێر

ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگەی مەریم روکابی بەڕێوەدەچێت، ئەو کچەی لە بەغدا لە لایەن کوڕێکەوە دەموچاوی بە تێزاب سووتێنرا. دایکی دەڵێت، "داوا دەکەین دادگە دادپەروەر بێت و هەقی کچەکەم وەربگرێت."
 
مەریەم روکابی، قۆناخی یەکەمی لە پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی شاری بەغدا تەواو کردووە، بە گوتەی کەسوکاری "ھەموو ھیوا و ئاواتی ئەوە بوو خوێندنەکەی تەواو بکات"، بەڵام بەھۆی رەتکردنەوەی داوای ھاوسەرگیریی گەنجێک، رۆژی 10ی حوزەیرانی 2021، لەلایەن گەنجەکەوە بە تێزاب بەشێک لە جەستە و رووخساری سووتێنرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30-5-2022، سوهام سەلیم، دایکی مەریەم بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ کاژێر 9:00 بەیانی یەکەم دانیشتنی دادگەی کچەکەمە، داواکارم لە دادگە ئەوەیە دادپەروەر بێت و بتوانێت مافی کچەکەم وەربگرێتەوە".
 
بە گوتەی دایکی مەریەم، ئەمڕۆ لە پێش دادگە لە لایەن بینەران و پاڵپشتیکارانی مەریم روکابی گردبوونەوەیەک دەکرێت بۆ ئەوەی داوا لە دادگە بکرێت کە دادپەروەرانە لە دۆسیەکە بڕیار بدات.
 
پێشتر دایکی مەریەم بە رووداوی راگەیاندبوو، خێزانی ئەو کوڕەی کە دەموچاوی کچەکەیان سووتاندووە هەوڵیانداوە دۆسیەی مەریەم بە پارە بکڕن.
 
دایکی مەریەم لە رێگەی رووداوەوە داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەوڵبدات دۆسیەی کچەکەی بە لاڕێدا نەبرێت و راستییەکان یەکلایی بکرێنەوە.
 
مەریەم روکابی رۆژی 12-5-2022 سەردانی تورکیای کرد و یەکەم نەشتەرگەریی ئەنجامدا، دایکی لەو بارەوە گوتی، دکتۆرەکەی پێیان راگەیاندوون کە پێویستی بە 10 نەشتەرگەرییە. گوتیشی، "هەرگیز بڕوامان نەدەکرد مەریەم هێندە خۆڕاگر بێت، ئەو ئێستا کچێکی زۆر بەهێزە و چاوەڕوانی ئەو کاتەیە کە دووبارە رووخساری رابردووی خۆی ببینێتەوە".