لایەنگرانی سەدر داوای داخستنی باڵیۆزخانەی سوێد و دەرکردنی باڵیۆزی وڵاتەکە لە بەغدا دەکەن


رووداو - هەولێر

هەزاران کەس بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، لە نزیک باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدای پایتەختی عێراق خۆپێشاندانیان کرد بۆ سەرکۆنەکردن و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە لایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە ستۆکهۆڵم. خۆپێشاندەران داوای داخستنی باڵیۆزخانەی سوێد و دەرکردنی باڵیۆزی وڵاتەکە لە بەغدا دەکەن.
 
رۆژی هەینی، پۆلیس بە بەربەستی کۆنکرێتی ئەو شەقامەی بۆ باڵیۆزخانەی سوێد دەڕوات، داخست، ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی پێنجشەممە کۆمەڵێک خۆپێشاندەر توانییان بچنە نێو حەوشەی باڵیۆزخانەکە و بۆ ماوەی 15 خولەک تێیدا مانەوە، پێش ئەوەی لەگەڵ چوونی هێزە ئەمنییەکان چۆڵی بکەن. 
 
خۆپێشاندانەکە لە لایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رێکخرابوو.
 
لە خۆپێشاندانەکەدا کە بە گردبوونەوەی تووڕەیی ناسێندرا، نوێنەرێکی رێبەری رەوتەکە، گوتاری موقتەدا سەدری خوێندەوە کە تێیدا هاتووە، "بۆ ئەوانەی بانگەواز بۆ دیموکراسییەت، ئازادییەکان و ئازادیی رادەربڕین دەکەن، ئەگەر لەگەڵ خودا و مرۆڤ بە ویژدانەوە مامەڵە ناکەن، لەگەڵ خۆتان بە ویژدانەوە مامەڵە بکەن، ئەگەر بەڕاستی بەرگری لە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، نابێ هەڵسوکەوتەکانتان بانێک و دوو هەوا بن".
 
خۆپێشاندانەکە رۆژێک دوای ئەوە هات کە پەنابەرێکی عێراقیی تەمەن 37 ساڵ بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپیییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەتی پۆلیسی سوێد. 
 
لە خۆپێشاندانەکەی ئێوارەی رۆژی هەینیدا کە ماوەی دوو کاژێر بەردەوام بوو، وەکو بەدەمەوەهاتنێک بۆ پەیامەکەی سەدر، خۆپێشاندەران ئاڵای هاوڕەگەزخوازانیان سووتاند و وێنەی مۆمیکایان خستە ژێر پێ. 
 
لە گوتارەکەی موقتەدا سەدردا هاتووە، "ئەگەر ئێوە پێتان وایە سووتاندنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان تاوانێکی گەورەیە کە ئەمریکا و پاشکۆکانی دەنگیان بۆ هەڵبڕی، ئەی بۆچی سووتاندنی قورئان بە تاوانێکی گەورە هەژمار ناکەن؟ لە کاتێکدا کە خۆشەویستانی قورئان زۆر زیاترن لە هاوڕەگەزخوازان."
 
خۆپێشاندەرێک بە ناوی مەئرب محەممەد جبارە بە ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداوی گوت، "سەماحەتی سەرکردە فەرمووی بڕۆن بۆ سەرخستنی قورئان،" گوتیشی، "ئێمە وەکو عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەم جۆرە کارانە دەکەین. سووتاندنی قورئانی پیرۆز وەکو کارێکی تیرۆریستییە."
 
حکومەتی عێراق داوای لە سوێد کردووە مۆمیکا رادەستبکاتەوە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت، لە کاتێکدا کە داواکراوەکە هەڕەشە دەکات هەموو هەفتەیەک کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنێت. 
 
خۆپێشاندەرێکی دیکە بە ناوی ئیسماعیل مەلیک عتبی بە رووداوی گوت، "داوا لە حکومەتی سوێد دەکەین ئەو تاوانکارە سزا بدات و لە داهاتوودا رێگە بە کاری لەو شێوەیە نەدات،" ئاماژەی بەوەش کرد، "پەیاممان سەرکۆنە و شەرمەزارکردنی حکومەتی سوێدە؛ حکومەتێک کە بانگەشەی دیموکراسی، شارستانییەت و پێشکەوتن دەکات، چۆن مۆڵەت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەدات؟ حکومەتێک کە بانگەشەی ئەوە دەکات مێژوویەکی لەگەڵ رێزگرتن لە بۆچوونە جیاوازەکاندا هەیە."
 
حوسێن عەلی، هاووڵاتییەکی دیکە لە نێو خۆپێشاندانەکە داوایکرد، "باڵیۆزی سوێد دەستبەجێ لە عێراق بچێتە دەرەوە، ئەوکەسەشی بێڕێزی بە قورئان کردووە، پێویستە سزا بدات."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی پێنجشەممە جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوێدی لە عێراق بانگهێشتکرد بۆ ئەوەی ناڕەزایی حکومەت بەرامبەر پێدانی مۆڵەت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، پێی بگەیێنێت. حاکم زاملی، بەرپرس لە رەوتی سەدر گوتی، بانگهێشتکردنی باڵیۆزەکە بەس نییە و پێویستە "هەنگاوی کۆنکرێتیی زیاتر" بنرێن. 
 
ئۆڵف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رۆژی هەینی لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزەوە گوتی، "ئەوە پرسێکی ئەمنیی جددییە. هیچ پاساوێک بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵکی دیکە نییە."
 
سوتاندنی قورئانی پیرۆز کە هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی قوربان و کۆتایی وەرزی حەج، لە سەرانسەری وڵاتە زۆرینە موسڵمانەکان ناڕەزایی تووندی لێ کەوتەوە. 
 
مۆمیکا رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەیەکی سوێدی گوت، "10 رۆژی دیکە، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم ئاڵای عێراق و قورئان دەسووتێنم."