کردنەوەی فڕۆکەخانەی ناسرییە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان دواخرا

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار رایگەیاند، کردنەوەی فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی ناسرییە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان یان سەرەتای ساڵی نوێ دواخراوە و دەڵێت، "ساڵانە دەتوانێت پێشوازی لە 750 هەزار گەشتیار بکات."
 
ئەحمەد ئیبراهیمی، ئەندام و گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی گرێبەستی دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسرییە، دەبووایە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ تەواو بێت، بەڵام بۆ ئەوەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارنەهێنرێت، کردنەوەکەی دواخراوە بۆ دوای هەڵبژاردنى پەرلەمان یان سەرەتای ساڵی 2025."
 
ساڵی 2021 بەگوێرەی گرێبەستێک کە حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆی کرد، دەست بە دروستکردنی فڕۆکەخانەکە کرا، کە رووبەرەکەی 16 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و تێچووەکەشی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلارە.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار گوتی: "بودجەی دروستکردنی فڕۆکەخانەکە لە سندووقی ئاوەدانکردنەوەی زیقار تەرخانکراوە. فڕۆکەخانەکە ساڵانە دەتوانێت پێشوازی لە 750 هەزار گەشتیار بکات و ژمارەکە لە ساڵانی دواتردا زیاتر دەبێت."
 
بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، زیاتر لە 76%ی کارەکانی فڕۆکەخانەی ناسرییە تەواو بوون.
 
فڕۆکەخانەکە سێ هۆڵی بۆ گەشتیاران تێدا دەبێت، لەگەڵ شوێنی تایبەت بە کارگۆ. ئەو فڕۆکەخانەیە لەپاڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەینەوا کە بڕیارە بەم نزیکانە بکرێتەوە، دەبێتە حەوتەمین فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە عێراق.