لە بەسرە پلەی گەرما گەیشتە 51؛ دەوام کەمکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
پلەی گەرما لە بەسرە گەیشتە 51 پلە؛ ئەنجوومەنی پارێزگاکەش بڕیاری دا کاتی دەوامی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوە حكومییەكانی پارێزگاكە کەم بکاتەوە.
جەعفەر حەجاج، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لەسەر پێشنیازی پارێزگار و بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، بڕیارمان دا کاتی دەوامکردنی فەرمانبەران و کارمەندانی دامودەزگا حکومییەکان کەم بکەینەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە گوتی، "دەوامی دامودەزگاکان لە کاژێر هەشتی بەیانییەوە تاوەکو یەکی نیوەڕۆ دەبێت."
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە رووداوی گوت، "پلەی گەرما ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی بەسرە و میسان گەیشتووەتە 51 پلەی سیلیزی و لە میسانیش 50 پلە بووە."
جەعفەر حەجاج دەڵێت، بڕیارەکە لە سبەیەوە کاری پێدەکرێت و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی داوای لە هاووڵاتییان کرد، خۆیان بپارێزن لە چوونە بەر هەتاو بە تایبەتی لە کاتەکانی نیوەڕۆدا و هەوڵ بدەن رۆژانە بڕێکی زیاتر ئاو بخۆنەوە.