قایمقامی هەڵبژێردراوى شنگال و ئەندامى ئێزدیی ئەنجوومەن سکاڵا لەسەر پارێزگارى نەینەوا تۆمار دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی هەڵبژێردراوی شنگال و ئەندامی کۆتای ئێزدیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، سکاڵا لەسەر پارێزگار تۆمار دەکەن، ئەوەش بەهۆی دەرنەکردنی بڕیاری دەستبەکاربوونی قایمقامەکە دواى زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردنى.
 
سکاڵاکە سێشەممە 29ى تەممووز لەلایەن سیدۆ خەیری کە پار ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی پێدا بۆئەوەى ببێتە قایمقامى شنگال، لەگەڵ عەیدان شێخ کالۆ، ئەندامی کۆتای ئێزدی لەو ئەنجوومەنە، لە دادگەی دەستپاکی لەسەر عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا تۆمار کراوە.
 
عێدان شێخ کالۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەوڵی زۆر لەگەڵ پارێزگار درا، بەڵام سکاڵامان لە دادگە تۆمار کرد و چاوەڕێی رێکارەکانی دادگەین."
 
1ى تەممووزی 2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاریی لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕی کرد، کە یەکێکیان قایمقامی شنگال بوو. هەرچەندە فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 17 کەس لەوانە دەرکرا کە ئەنجوومەن دەنگی پێدابوون، بەڵام بەربژێرە دەنگپێدراوەکەی شنگال یەکێکە لەو سێ پۆستەی کە بڕیاری دەستبەکاربوونیان بۆ دەرنەکراوە.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشکێشکردنی سکاڵاکە لە دادگەی دەستپاکی، لەسەر دەرنەکردنی بڕیاری دەستبەکاربوونی ئەو قایمقامەیە،  بەپاساوى ئەوەى پێشێلکارییەکی کارگێڕییە."
 
9ى نیسانی 2025 پارێزگاری نەینەوا دەستی بە دەرکردنی بڕیاری دەستبەکاربوونی ئەو کەسانە کرد کە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر دابوون کە هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردبوو و دژی گۆڕانکارییەکان وەستابوونەوە.
 
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، "ئێستا قایمقامی مەخموور و شنگال و بەڕێوەبەری ناحیەی شیمال ماون و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرنەکراوە و رێککەوتنیان لەبارەوە نەکراوە."