سوودانی سەردانی مالیکی کرد؛ "بۆ هەواڵپرسینی تەندروستی بووە"

رووداو دیجیتاڵ

دوای گەڕانەوەی لە نەخۆشخانە؛ شەوی چوارشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای کرد. بەگوێرەی نووسینگەی مالیکی، سەردانەکە بۆ هەواڵپرسینی تەندروستی بووە.
 
لە راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسادا هاتووە: "سەردانەکە بۆ هەواڵپرسینی تەندروستیی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بووە، دوای ئەو پشکنینە پزیشکییانەی دوێنێ سێشەممە کردوونی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی "هیوای بەردەوامیی تەندروستی و سەلامەتیی بۆ مالیکی خواستووە" و ستایشی "بەخششە نیشتمانییەکانی و رۆڵی لە چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا کردووە."
 
نووسینگەکەی دەڵێت، مالیکی سەردانەکەی سوودانی "بەرز نرخاندووە" و، "سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کردووە کە پەیوەندییان پێوە کردووە و هەستی باشی خۆیان دەربڕیوە."
 
دوێنێ، ساحب بەزوون حەسناوی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کەسی نزیکی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ، نەشتەرگەریی قەستەرە و باڵۆن بۆ بەڕێز نووری مالیکی کرا و نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی تەواوبوو."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوانیوەڕۆی دوێنێ، دەنگۆی تووشبوونی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە جەڵتەی دڵ بڵاوبووەوە، بەڵام نووسینگەکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەکەی، نوورى مالیکى پشکنینى پزیشکى لە نەخۆشخانەى ئیبن بەیتار لە بەغدا کردووە.