ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تاوتوێی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەکە، تاوتوێی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، بەدواداچوون بۆ کاری لیژنە تایبەتمەندەکان کراوە، کە لێکۆڵینەوە لەو هێرشە درۆنییانە دەکەن لە ماوەکانی رابردوودا، کراونەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکان و کەرەستە سەربازییەکانی عێراق، لەنێویاندا رادارەکان، هەروەها ئەو هێرشەی ئەم دواییە کرایە سەر یەکێک لە فەرمانگەکانی کشتوکاڵ لە ناوچەی کەرخی بەغدا.
 
ئەم مانگە نزیکەی 25 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیان کردووەتە ئامانج.
 
بە گوتەی سەباح نوعمان، ئەو بابەتانەی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بوون، بڕیار و راسپاردەی پێویستیان لەبارەوە دەرکراوە.
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق گوتی، "بەدواداچوون بۆ هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانمان کرا لە پاراستنی سنوورەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو هێزانە، جەختیش لە پێویستیی هاوئاهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان لەنێوان هەموو لایەنە ئەمنییەکاندا کرایەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ."
 
سەباح نوعمان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی پەرەپێدانی هەوڵی هەواڵگری و پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای نوێی پێشکەوتوو و شێوازی داهێنەرانە کرا بۆ هێزەکانی سنوور."
 
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە کرێکارە بیانییەکانی نێو عێراق و گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان رایگەیاندووە، "گفتوگۆ لەبارەی بابەتی کرێکارانی بیانی لە عێراق و میکانیزمی پێدانی ڤیزا کرا، جەختیش لەسەر رێکخستنی ئەم کرێکارانە کرایەوە بە شێوەیەک کە کاریگەریی لەسەر رەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەبێت."