سعودیە: زیاتر لە 700 ملیۆن حەبی هۆشبەر لە لوبنانەوە هێندراونەتە نێو وڵاتەکەمان


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی سعودیە لە لوبنان دەڵێت، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا حکومەتی وڵاتەکەی دەستی بەسەر زیاتر لە 700 ملیۆن حەبی هۆشبەردا گرتووە کە بە رێگەی قاچاخ لە لوبنانەوە براونەتە نێو خاکی سعودیە.
 
رۆژی سێشەممە وەلید بوخاری، باڵیۆزی سعودیە لە بەیرووت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2015وە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 700 ملیۆن حەبی هۆشبەر، سەتان کیلۆ حەشیش دەستی بەسەرداگیراوە.
 
لە نیسانی رابردوودا سعودیە هاوردەکردنی میوە و سەوزەی لە لوبنانەوە قەدەخە کرد، دوای ئەوەی دەستی بەسەر ملیۆنان حەبی ماددەی هۆشبەر لە نێو چەندین باری میوەدا گرت.
 
یەکێک لەو حەبانەی بە قاچاخ لە لوبنانەوە رەوانەی سعودیە دەکرێت، حەبی کاپتاگۆنە، کە لە سعودیە و زۆر وڵاتی دیکەی عەرەبی بەشێوەیەکی بەرچاو بەربڵاوە و زۆربەشی لە سووریا و لوبنان بەرهەم دەهێنرێت.
 
باڵیۆزی سعودیە لەسەر ئەو پرسە رۆژی سێشەممە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی لوبنان کۆبووەوە؛ ئامانجیش ئەوە بوو داوا لە بەرپرسانی لوبنان بکات هەنگاوی زیاتر بنێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی کەنداو. 
 
بەگوێرەی ئامارێکی پەیمانگەی نیولاینزی ئەمریکی کە بنکەکەی لە واشنتنە، بازرگانیکردن بە حەبی کاپتاگۆن لە ساڵی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە پێنج ملیار دۆلار و ئەوەش مەترسی ئەمنی و تەندروستی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروستکردووە.