120 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە و زیندانییەکان بە مەرج دەنگدەدەن

رووداو دیجیتاڵ 
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە هەموو عێراق زیاتر لە 120 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە و زیندانییەکانیش بە مەرج دەنگدەدەن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، کۆمیسیۆن هاوئاهەنگی کردووە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ دیاریکردنی شوێنی ئاوارەکان و کەمپەکان. لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی دادوەر، فەیاز یاسین، پێکهێنراوە بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکاندان. لیژنەکەش سەردانی کەمپەکانی کرد و داتاکانی تۆمارکردووە و کارتی بایۆمەتری چاپ و دابەشکردووە. 
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە هەموو عێراقدا، 309 وێستگەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان هەیە، کە نزیک لە شوێنی خۆیان دەنگدەدەن، 120 هەزار و 126 ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
جومانە غەلای راشیگەیاند، دەنگدانی تایبەت هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە کە ژمارەیان زیاترە لە ملیۆنێک دەنگدەرە، ئەمانە دابەشبوونە بەسەر 2584 وێستگەی دەنگدانی تایبەت، لەگەڵ 7 وێستگەی دەنگدان بۆ زیندانییەکان کە ژمارەیان 600 زیندانییە. هاوکات گوتیشی؛ تەنیا ئەو سزادراوانە دەتوانن دەنگ بدەن، کەمتر لە 5 ساڵ سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. 
 
لەم هەڵبژاردنەدا 3249 بەربژێر بەشداربوون، تاوەکو ئێستا شەش بەربژێر دوورخراونەتەوە و بەربژێرێکیش گیانی لەدەستداوە، ئێستا 3242 بەربژێر ماون. بەشێکیان سەربەخۆ و ئەوانی دیکەشیان بەربژێری 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسین. ئەو بەربژێرانەش رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 دا مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.