وەزارەتی دارایی عێراق: کەمکردنەوەی مووچەی سوپا و پۆلیس راست نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق، دەنگۆی کەمکردنەوەی مووچەی کارمەندانی سوپا و پۆلیس، یان راگرتنیان لە مانگی داهاتوودا رەتدەکاتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە و ئەو دەنگۆیانە لە راستییەوە دوورن و ئامانج لێی چەواشەکردنی رای گشتی و دروستکردنی پشێوییە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە بەشێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وابڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی مووچەی کارمەندانی سوپا و پۆلیس کەمدەکاتەوە، یان رای دەگرێت.
وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە، مووچە بەگوێرەی یاسا و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا خەرج دەکرێت و بەڕێوەبردنی دارایی بە شێوەیەک دەبێت کە بەردەوامیی جێبەجێکردنی پابەندییەکان بەرامبەر بە فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان مسۆگەر بکات.
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان و میدیاکان دەکات بۆ وەرگرتنی زانیاری تەنیا پشت بە راگەیێندراو و پلاتفۆرمە فەرمییەکانی ببەستن، هاوکات هۆشداریش دەدات لە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە زیان بە سەقامگیریی دارایی دەگەیێنن. وەزارەت مافی یاسایی خیەتی رێکار بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی ئەو جۆرە هەواڵە ناڕاستانە بڵاودەکەنەوە، بگرێتەبەر.