25 بەربژێر بە یەکجاری دوورخرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی 25 بەربژێری دا و یەکێکی دیکەی گەڕاندەوە، دوو بەربژێری دیکەش هەر یەکێکیان بە پێنج ملیۆن دینار سزادران.
 
ئەو رێکارانەى ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە چەند بڕیارێکدا بووە، کە 29ی ئەیلوولی 2025 دەری کردوون.
 
دوو بەربژێر سزا دەدرێن
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە دوو بڕیاری جیا، دوو بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بە پێبژاردن سزا داوە.
 
عەلی مەزهەر عێدان، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا یەکێکە لە بەربژێرە سزادراوەکان کە بە پێنج ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دراوە.
 
بەربژێرێکی دیکە کە بە هەمان بڕ سزا دراوە، شەزا یاسین عەبدولکەریمە، کە بەربژێرە لە لیستی هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا.
 
 بڕیاری سزادانی دوو بەربژێرەکە لەسەر بنەمای پێشێلکردنی بڕگەی دوو لە مادەی دووی رێکارەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بووە.
 
ئەو مادەیە تایبەتە بە سەرپێچیی بانگەشەی هەڵبژاردن بەر لە وادەی دیاریکراوی دەستپێکردنی بانگەشە.
 
25 بەربژێر دوورخرانەوە
 
ئەنجوومەنی کۆمسیاران بە چوار بڕیاری جیاواز دوورخستنەوەی کۆتایی  25 بەربژێری دەرکردووە، لەگەڵ گەڕاندنەوەی یەک بەربژێر.
 
22 بەربژێر بە دوو نووسراو و بڕیاری دوورخستنەوەی کۆتاییان دراوە، لەپاش ئەوەی ئەو تانەیان رەتکراوەتەوە، کە بۆ دوورخستنەوە پێشکەشیان کردبوو.
 
ئەو بەربژێرانە لەسەر بنەمای بڕگەی پێنج لە مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بووە کە تایبەتە بەو کەسانەی پێشینەی بەعسیبوونیان هەیە.
 
سێ بەربژێرەکەی دیکە کە بە تەواوی دوورخراونەتەوە، لەسەر بنەمای بڕگەی سێ لە مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنەکان بووە، کە تایبەتە بە پێشینەی تاوان.
 
ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیارێکی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی پەسند کردووە بۆ گەڕاندنەوەی حەسەن زاهی، بەربژێری پەرلەمانی عێراق، دوای ئەوەی تانەی لە بڕیاری دوورخستنەوەی داوە بە تۆمەتی پێشینەی بەعسیبوون و بڕیاری دوورخستنەوەی هەڵوەشێنراوەتەوە.
 
نزیکەی 8 هەزار بەربژێر خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردبوو کە زیاتر لە 790 بەربژێر دوورخراونەتەوە.
 
رێکارەکانی دوورخستنەوەی بەربژێران لەسەر بنەمای پێشینەی تاوان، بەعسیبوون یان بڕوانامە بووە.
 
هاوپەیمانیی سەروەری کە یەکێکە لە لایەنە سوننەکان و کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتى دەکات لە راگەیێنراوێکدا لە 29ی ئەیلوول رەخنەی لە رێکارەکانی دوورخستنەوەی بەربژێران گرت و داوا دەکات پێداچوونەوەى پێدا بکرێت.
 
هاوپەیمانى سەروەرى دەڵێت: "خستنى بێ پاساو و پێشێلکردنێکی مافی هاووڵاتییە بۆ ئەوەی ئازادانە ئەو کەسە دیاری بکات کە نوێنەرایەتی دەکات و زیان بە هاوسەنگی سیاسی دەگەیێنێت کە پێویستە بۆ سەقامگیری وڵات."