لە بەغدا 300 هەزار نەمام دەچێنرێن
رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین هەڵمەتی نەمامچاندن لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. بەرپرسێکی بەغدا دەڵێت 300 هەزار نەمام دەچێنرێت.
عولا تەمیمی، سەرۆکی دەستەی خزمەتگوزاریی بەغدا و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەڵمەتەکە سبەی چوارشەممە یەکی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت.
عولا تەمیمی گوتی: "هەڵمەتەکە بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی، باشترکردنی ژینگەی بەغدا، کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا، دابەزاندنی پلەکانی گەرما و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی گشتییە."
هەڵمەتەکە سەرجەم ناوچەکانی بەغدا لە رێگەی فەرمانگەکانی شارەوانی دەگرێتەوە و تێیدا درەختەکانی وەکو ڤیزا، ئەکاسیا، سدر و کالیپتۆس دەچێندرێن، عولا تەمیمی، گوتی، ئەمانە جۆری تەمەندرێژن و بەرگەی کەشوهەوای گەرمی پایتەخت دەگرن و سێبەر و ئۆکسجین دابین دەکەن.
ئەمینداریەتیی بەغدا شوێنی نوێی بۆ چاندنی درەختەکان ئامادەکردووە، لەوانەش باخچە، پارک و شوێنە گشتییەکان، هاوکات ژێرخانی پێویست وەکو رێڕەو، پەرژین و سیستمی نوێی ئاودێری بۆ دڵنیابوونەوە لە مانەوەیان، تەواوکراون.