عێراق لە 7 مانگدا 64 تریلیۆن دیناری خەرج کردووە و 80%ـی بۆ مووچە بووە

رووداو دیجیتاڵ

لە 7 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا داهاتی عێراق 72 تریلیۆن دینار بووە و 64 تریلیۆن دینارى لێ خەرج کردووە، کە 80.5%ى خەرجییەکان بۆ مووچە بووە. پشکی خەرجیی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6.2 تریلیۆن دینار. بەراورد بە هەمان ماوەی پار، خەرجی و داهات کەمی کردووە و خەرجی مووچە 3.8 تریلیۆن دینار زیاد بووە.
 
ئەو ئامارانە لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ هاتووە کە بۆ خەرجی و داهاتی مانگی کانوونی دووەم تاوەکو تەممووز لە خشتەیەکدا بڵاو یکردووەتەوە.
 
خەرجی 64.2 تریلیۆن دینار بووە
 
لەو 7 مانگەدا، تێکڕای خەرجیی عێراق 64 تریلیۆن و 271 ملیار و 478 ملیۆن و 235 هەزار دینار بووە، لەو بڕە 51 تریلیۆن و 761 ملیار و 517 ملیۆن و 78 هەزار دیناری بۆ مووچە و هاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی بووە، کە 80.5%ی تێکڕای خەرجییەکانى بووە لەو ماوەیەدا.
 
لە خەرجیی مووچە، 35.2 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران بووە، 10.9 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی خانەنشینان و 3.2 تریلیۆن دیناری بۆ ئەوانە بووە کە هاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
 
زۆرترین خەرجی لەو ماوەیەدا لە پشکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بووە، کە 14.2 تریلیۆن دینار بووە.
 
خەرجیی هەژمارکراو لەسەر هەرێمی کوردستان 6 تریلیۆن و 245 ملیار و 493 ملیۆن و 726 هەزار و 892 دینار بووە، کە 6.1 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی بووە.
 
لەو 7 مانگەدا خەرجیی وەبەرهێنان 13 تریلیۆن و 61 ملیار و 882 ملیۆن و 307 هەزار دینار بووە، بەو پێیەی خەرجیی وەبەرهێنان 20.3%ی تێکڕای خەرجییەکان بووە.
 
زۆرترین خەرجیی وەبەرهێنان بۆ کەرتی پیشەسازی بووە، کە 9 تریلیۆن و 330 ملیار و 540 ملیۆن و 351 هەزار دینار بووە. کەمترین خەرجیی وەبەرهێنان بۆ کەرتی کشتوکاڵ بووە کە 91 ملیار و 851 ملیۆن و 330 هەزار دینار بووە.
 
90%ی داهات نەوتە
 
داهاتی 7 مانگی ئەم ساڵ 72 تریلیۆن و 35 ملیار و 27 ملیۆن و 218 هەزار و 743 دینار بووە، بەوپێیە جیاوازی نێوان داهات و خەرجی لەو ماوەیەدا 7.7 تریلیۆن دینار بووە کە لە خەرجی ماوەتەوە.
 
داهاتی نەوتی لەم ماوەیەدا 64 تریلیۆن و 959 ملیار و 638 ملیۆن و 432 هەزار و 412 دینار بووە، کە 90%ی تێکڕای داهاتەکان بووە لەو 7 مانگەدا. داهاتی نانەوتیش 7 تریلیۆن و 75 ملیار و 388 ملیۆن و 768 هەزار و 149 دینار بووە، کە 10%ی تێکڕای داهاتەکان دەکات.
 
بڕی داهاتی هەناردەکردنی نەوت 52 تریلیۆن و 316 ملیار و 363 ملیۆن و 248 هەزار و 509 دینار بووە. داهاتی بەرهەمە نەوتییەکانیش یەک تریلیۆن و 224 ملیار و 779 ملیۆن و 957 هەزار و 149 دینار بووە.
 
لە ئامارەکەدا داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان هەژمار کراوە کە  لەو ماوەیەدا رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە و 439 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار و 877 دینار بووە.
 
بە گوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بڕی 854 ملیار و 860 ملیۆن و 492 هەزار دیناری داهاتی نانەوتی باجی گرێبەستەکانی نەوت بووە بۆ ساڵی 2025.
 
خەرجی مووچە 3.8 تریلیۆن دینار زیاد بووە
 
خەرجیی عێراق تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی 2024 گەیشتبووە 66 تریلیۆن و 628 ملیار و 491 ملیۆن دینار. ئەم ساڵ لە هەمان ماوەدا خەرجییەکان 2.4 تریلیۆن دینار کەمی کردووە.
 
خەرجیی مووچەی 7 مانگی پار بە بەراورد بە هەمان ماوەی ئەم ساڵ 3.5 تریلیۆن دینار زیادی کردووە، بەو پێیەی لە 7 مانگی یەکەمی 2024 بڕی ئەو پارەیەی بۆ مووچە خەرج کراوە 48 تریلیۆن و 250 ملیار و 753 ملیۆن و 895 هەزار دینار بووە.
 
ئەو خەرجییەی لەسەر هەرێمی کوردستان لە 7 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ هەژمار کراوە 325 ملیار دینار کەمی کردووە.
 
خەرجیی وەبەرهێنانی ئەو ماوەیە لەم ساڵدا 5.8 تریلیۆن دیناری لە هەمان ماوەی 2024 زیاتر بووە، بەوپێیەی ئەو کات ئەو خەرجییە گەیشتووەتە 7.2 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا ئەم ساڵ لەهەمان ماوە زیاتر لە 13 تریلیۆن دینار بووە.
 
داهاتەکانی 7 مانگی ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی پار 5.4 تریلیۆن دینار کەمی کردووە، کە دەکاتە زیاتر لە 7%، داهاتی نەوت بەراورد بە پار 4.1 تریلیۆن دینار کەمی کردووە و داهاتی نانەوتیش 1.3 تریلیۆن دینار کەمی کردووە.