کەسوکاری ئەو شێخە عەرەبەی شارەبان کە تەرمەکەی بە بۆمب چێنرابوو، هەڕەشەی ئۆپەراسیۆن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2020 لە شارۆچکەی شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، پێنج کەسی خێزانێک لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژران. پارێزگاری دیالەش رایگەیاند "بکوژەکان چەکداری داعش بوون".
ئەو کەسانەی کوژراون لە هۆزی بەنی کەعبن، هیوا حوسامەددین، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، یەکێک لە ئەندامانی ئەو هۆزە کە شێخ بووە و بەلای گامێشەوە بووە، دوای ئەوەی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەستگیردەکرێت، پەیوەندیی لەگەڵ ماڵەوەیان دەپچڕێت و چەکدارەکانیش پەیوەندییان بە کەسوکاریەوە کردووە و بە کوڕەکانیان گوتوون "ئەگەر ئازان، ئەوە باوکتان لای ئێمەیە و بێن بیبەنەوە".
کاتێک کوڕەکان چوونەتە شوێنەکە، دەبینن باوکیان کوژراوە، کوڕەکانیش لەکاتێکدا شیوەن دەگێڕن و خۆیان بەسەر تەرمی باوکیاندا دەدەن، بۆمبێکی چێنراو کە لەژێر تەرمەکەدا جێگیرکراوە، پێیاندا دەتەقێتەوە و گیان لەدەستدەدەن، لەو رووداوەشدا پێنج کەس کوژراون و دوو کەسیش بە سەختی برینداربوون.
دەگوترێت، کردەوەکە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە، یەکێک لە خزمانی کوژراوەکانیش بە رووداوی گوت، چوار رۆژ مۆڵەت بە حکومەت دەدەن و ئەگەر حکومەت شتێکیان بۆ نەکات ئامادەن ئۆپەراسیۆن بکەن، "چونکە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و سوپا هیچ شتێکیان نەکردووە"، ئاماژەی بەوەش کرد، گوێ بەوە نادەن ئەگەر کارەکەیان ببێتە هۆی شەڕی تایەفەگەری و مافی خۆیان وەردەگرن.
ئەو خزمەی کوژراوەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسان دێن و بەڵێنی دڵخۆشکەر دەدەن، بەڵام هیچ شتێکیان بۆ نەکردوون.
یەکێکی دیکە لە خزمانی کوژراوەکان قسەی بۆ رووداو کرد و باسی لەوە کرد، کوڕەکانی ئەو شێخە پەیوەندییان بە فەرماندەی سریە کردووە بۆئەوەی هاوکارییان بکەن، بەڵام ئەوان وتیان نە دەتوانن لەگەڵیان بچن و نە دەتوانن هاوئاهەنگییان بکەن. هەروەها رەخنەی گرت لەوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان پێنج خولەک چووەتە لایان و سەرۆکوەزیرانیش نایەوێت بێتە لایان "دەچێتە سەلاحەددین، بۆ لای کەسانێک کە نازانین شەهیدن یاخود تیرۆریست، بەشداریی پرسەکەشیان دەکات، بەڵام ئێمە رۆژانە قوربانی دەدەین و رۆژێکیش سەردانی نەکردین، چەندین جار بانگەوازمان کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا رێکارێکیشیان نەکردووە، ئەمە دیارە رێککەوتنە".