وادەى جێبەجێکردنى 7 بەڵێنى سوودانى بەسەر دەچێت؛ دووانیان پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵێکى تەمەنى حکومەتى عێراقدا کاتى جێبەجێکردنى حەوت بەڵێنى بەسەرچووە کە دووانیان پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە.
27ى تشرینى یەکەمى 2022، پیاوێکى 53 ساڵانى خەڵکى پارێزگاى میسانى سێیەم هەژارترین پارێزگای عێراق چووە سەر سەکۆى پەرلەمانى عێراق و زنجیرەیەک بەڵێنى دا و پەرلەمانتارانیش دەنگیان بە کارنامەی حکومەتەکەی دا.
محەممەد شیاع سوودانى لەکاتێکدا پۆستى سەرۆکوەزیرانى وەرگرت کە عێراق لە دۆخێکى سیاسى، ئابوورى و ئەمنیی خراپدا بوو.
سوودانی پاڵپشتى هەرسێ پێکهاتەى کورد، شیعە و سوننەى بەدەستهێنا بۆ بەڕێوەبردنى کاروباری عێراق تاوەکو کۆتایی 2025.
پێشتر لە هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت کە نوێنەرى سەرجەم پێکهێنەرانى حکومەتى تێدایە، نەخشەڕێژى کارنامەى حکومەت کرا، ئەوەش بە رێککەوتن لەسەر چەند خاڵێک کە هەر پێکھاتە و لایەنێک چەند داواکارییەکى هەبوو و رێککەوتن لەبارەیانەوە کرا.
ئەو هەنگاوە کارنامەى حکومەتى لێکەوتەوە کە لە 27ى تشرینى یەکەمى 2022 لە پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى دەنگ پەسند کرا، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەنگدان بە کابینەى حکومەتەکەى سوودانی کە 21 وەزارەتە. بەشێکى کارنامەکە تێڕوانینى حکومەتە و بەشێکى دیکەى بۆ جێبەجێکردنە.
محەممەد شیاع سوودانى بەشێک لە بەڵێنەکانى کارنامەى حکومەتەکەى جێبەجێکردوون، لەوانە چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر کە مستەفا کازمى سەرۆکایەتى دەکرد؛ دیاریکردنی کات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق؛ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیی پێنج پارێزگا بە پۆلیسی خۆجێیی؛ هاوئاهەنگى زیاتر لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى ئەو دۆسیە و بڕیارانەى پەیوەندارن بە هەرێمى کوردستانەوە؛ کاراکردنەوەى لیژنەى مادەى 140ى دەستوور.
بەشێکی دیکە لە بەڵێنەکانى نێو کارنامەى حکومەت جێبەجێنەکراون کە کاتێکى دیاریکراویان نییە لەوانە، جێبەجێکردنى رێککەوتنى شنگال، خەرجکردنى شایستەى دارایی پیترۆدۆلارى پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و گاز، بەستنەوەى سەرجەم قوتابخانە کوردییەکانى دەرەوەى سنوورى هەرێمى کوردستان بە بەڕێوەبەرایەتى گشتیی خوێندنى کوردى لە وەزارەتى پەروەردەى عێراق و گواستنەوەى مامۆستا و فەرمانبەرەکانیان بۆ سەر ئەو وەزارەتە، هەموارکردنى یاسای لێبووردنى گشتى، دەرکردنى یاسای ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتیمانی وەک مەرجەعێک بۆ بڕیارە ستراتیژییەکان.
حەوت بەڵێنى دیکەى ناو کارنامەکە کاتیان بۆ دیاریکراوە، بەڵام کاتەکە تێپەڕیوە بێ ئەوەى جێبەجێبکرێن.
دەبوو لە ماوەى شەش مانگ دواى پێکهێنانى حکومەت واتە تاوەکو مانگى نیسانى 2023 کێشەى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکانى دەوڵەت بەوەکالەت چارەسەر بکرێن، واتە ئەو سەرۆکى دەستە و بەڕێوەبەرى گشتى و بەرپرسەکانی دیکە کە جێگەى جێگیرى خۆیان لەو پۆستانەدا نییە و بەشێوەیەکى کاتى بەوەکالەت بەڕێوەیان دەبەن، بکرێنە هەمیشەیی یان کەسێکى دیکە بە هەمیشەیی جێگەیان بگرێتەوە؛ دەبوو بە سێ قۆناخ حکومەت ناوى بەربژێرانى ئەو پۆستانەى بناردایە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەى دەنگیان لەسەر بدرێت، بەڵام کاتەکە تێپەڕی و ئەو کارە بە تەواوى نەکرا.
یەکێکی دیکە لە بەڵێنەکان کە لەکارنامەکەدا هاتووە بێ ئەوەی جێبەجێ بکرێت لەبارەى دۆسیەیەکى هەستیارەوەیە کە گەڕانەوەى ئاوارەکانە.
لەکارنامەکەدا هاتووە، لە ماوەى شەش مانگدا سەرجەم ئاوارەکان دەگەڕێندرێنەوە ناوچەکانى خۆیان. دەبوو تاوەکو نیسانى 2023 شتێک نەمابووایە بە ناوى کەمپى ئاوارەوە، بەڵام ئەو پرسە هێشتا بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، هێشتا 300 هەزار خێزان ئاوارەى هەن.
عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە میانی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتی، "راستە ماوەیەکى دیاریکراو هەبوو کە حکومەت رایگەیاندبوو، بەڵام حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە گرێدراوە بە پەسندکردنى بودجەوە. نزیکەى دوو ساڵ بودجە نەبوو؛ بۆیە هەر پابەندبوونێک بۆ حکومەت بەتایبەت ئەوانەى پەیوەندارن بە پارەوە، دەکرێت کاتە دیاریکراوەکە بگۆڕێت".
بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاماژەى بەوەشدا بۆ ئەو بابەتەی کە ئاوارەیەک نەیەوێت بگەڕێتەوە، پڕۆژەیەکى دیکەیان هەیە کە ناویان ناوە جێگیربوون و گوتی، لە نێوەڕاست و باشوورى عێراق زۆرێک لە خێزانە ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان و لەگەڵ کۆمەڵگەى ئەو شارانە تیکەڵ بوون و ئیدی لەوێ نیشتەجێدەکرێن و وەک ئاوارە نامێننن. عەلی جیهانگیر گوتی، دەکرێت ئەو پڕۆژەیە لە پارێزگاکانى دیکەش جێبەجێبکرێت، بە هەرێمى کوردستانیشەوە.
بەڵێنێکى دیکەى نێو کارنامەکە کە کاتى بەسەرچووە و جێبەجێنەکراوە هەڵبژاردنى پێشوەختە کە دەبوو لە ماوەى ساڵێکدا بکرێت کە مەبەست لێى هەڵبژاردنى پەرلەمانە، بەڵام ساڵێک تێپەڕى و نە کاتەکەى دیاریکرا و نە هەڵبژاردنەکەش بەڕێوەچوو.
دوو پڕۆژەیاسا هەن کە لە کارنامەکەدا یەکى شەش مانگ بۆ دەرکردنیان دانراوە، بەڵام دەرنەکراون. یەکەم، هەموارى یاساى دادگەى باڵاى فیدراڵی و ئەوى دیکەیان یاساى ئەنجوومەنى فیدراڵیە.
یەکێکى دیکە لەو بەڵێنانەى کە پەیوەندیی بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە و جێبەجێنەکراوە، دەرکردنى یاساى نەوت و گازە کە شەش مانگ دیاریکرابوو بۆ دەرکردنى.
شەش مانگى دیکە دانرا بوو بۆ دەرکردنى یاساى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى پێشووى عێراق کە ئەگەر ئەو یاسایە دەربکرێت زۆر پرسی پەیوەندار بە خاوەندارێتى زەوىوزارى کورد لە ناوچەکانى سنوورى مادەى 140 یەکلایی دەبنەوە کە پێشتر بەو بڕیارانەى سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس، کورد لە زەوى و موڵکى خۆی وەدەرنرا.