هادی عامری: کاتی چوونەوە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە

رووداو دیجیتاڵ 

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح رایدەگەیێنێت، ئێستا کاتی چوونەوە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانە لە عێراق و پێویستە حکومەت رێکاری پێویست بگرێتەبەر، دەشڵێت، "بە ئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو بنکەی (عەین ئەسەد و  هەریر) لەلایە هێزەکانی بەرگری ئیسلامی لە عێراق، کاردانەوەیە".
 
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-10-2023، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئێستا کاتی دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق، ئەگەر هیچ پێویستی، یان پاساوێک نەبێت بۆ مانەوەیان. لەبەر بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، هیچ کەسێک پێیوانەبێت، توانای سەربازی سوپای عێراقی و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە بونیات دەنرێت."
 
هەروەها دەڵێت: "شوورەییە دوای ئەو هەموو دەستکەوت و سەرکەوتنانە کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە شەڕەکاندا بەدەستیان هێناوە لە دژی داعشی تیرۆریست کە لەوپەڕی بەهێزی بوو، هەندێک پاساوی ئەوە بهێننەوە کە پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بمێننەوە، بە پاساوی هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چارەسەرکردنی پاشماوەی ئەو تیرۆریستانە". 
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح  جەخت لەوەدەکاتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق هەموو رێکارێکی پێویست بگریتەبەر بۆ دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی جدی و دیاریکراو و کورتمەودا، بۆ دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. 
 
هادی عامری، دەشڵێت، "دوای ماوەیەک هێوری، جارێکی دیکە بە ئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە هەردوو بنکەی (عەین ئەسەد و  هەریر) دەستیپێکردووەتەوە لەلایە هێزەکانی بەرگری ئیسلامی لە عێراق، ئەوەش کاردانەوەیە لە بەرامبەر تاوانی جەنگ کە دەرهەق بە خەڵکی غەززە دەکرێت".
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی ئۆکتۆبەر، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند: ''ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا لە ماوەی ئەم مانگەدا 23 جار بە درۆن، مووشەک و کاتیۆشا کراونەتەوە ئامانج.''
 
واشنتن هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا هەفتەی رابردوو چەند ئامانجێكی لە سووریا بۆردوومان کرد و دەڵێت: ''لەو گرووپانەن کە سەر بە تارانن''.
 
بەرپرسە سەربازییەکەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدات کە لەنێوان17 تاوەکو 30 ئۆکتۆبەر، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق رووبەڕووی 14 هێرش بوونەوە، هەروەها 9 جاریش لە سووریا.
 
لەبارەی جۆر و شێوازی هێرشەکان، ئەو بەرپرسە سەربازییە بە میدیاکانی راگەیاندووە، هێرشەکان لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی ئاراستەکراو بوونە، بەڵام دەڵێت لە رێگەی سیستەمی دژە مووشەکی شکستیان بە زۆربەی هێرشەکان هێناوە.
 
ژمارەی هێرشەکان لە سووریا لە رۆژی هەینییەوە سێ هێندە زیادیانکردووە، بەپێی چەند راپۆرتێک لە کۆتایی هەفتەش جارێكی دیکە کرانەوە ئامانج لە کاتێکدا گرووپێک بەناوی ''مقاومەی ئیسلامی لە عێراق''، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکانی ئەم دواییە راگەیاند.
 
بە گوتەی پێنتاگۆن، تائێستا و لە ئەنجامی بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا 21 هاووڵاتیی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون، هەروەها بەڵێندەرێک بەهۆی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هەڵەوە تووشی وەستانی دڵ بوو و گیانی لەدەستداوە.
 
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، هیچ راپۆرتێکی نوێ لەبارەی قوربانیی دیکە لە هێرشەکاندا نییە.
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو گرووپەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پانتایەکی فراوانی لەو دوو وڵاتە داگیرکردبوو و دواتر بە گورزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی پیادەی ناوچەکە بەرپەرچدرانەوە.