کۆمیسیۆن بۆ رووداو: رۆژی 8ـی 11 بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێت

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وردەکارییەکانی راگیرانی بانگەشە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێ، کاژێر 7ـی بەیانی رۆژی 8ی مانگ بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێت.
 
زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەنگدانی تایبەت کاژێر 7:00ی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025 دەستپێدەکات.
 
رۆژی 3-10-2025 هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد، سەبارەت بێدەنگی و راگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن، عیماد جەمیل دەڵێت:" بێدەنگیی هەڵبژاردن لە کاژێر 7:00ی بەیانیی رۆژی شەممە 8ـی 11 ـی 2025 دەستپێدەکات، هەر بەربژێر و لایەنێک سەرپێچی بکات و بانگەشە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگرنەبەر.
 
زیاتر لە 21 ملیۆن و 400 هەزار کەس لە دەنگدانی گشتیی مافی دەنگدانیان هەیە.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتییە و 9ـەکەی دیکەیان کۆتایە. زیاتر لە 7 هەزار کەسیش خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.