بانگەشە لە 24 کاژێردا؛ مالیکی و سوودانی باسی کڕینەوەی دەنگ و هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، گۆڕەپانی سیاسی عێراق شایەتی چالاکییەکی چڕوپڕی بانگەشەی هەڵبژاردن و چەند رووداوێکی گرنگ بوو، لەوانە کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکی پارتی تەقەدووم، رووداوی تووندوتیژی، سزا و دوورخستنەوەی بەربژێران لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، هەروەها دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بەتۆمەتی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان.
 
سوودانی جەخت لە گرنگی بەشداری فراوان دەکاتەوە
 
رۆژی چوارشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا، یەکێکیان لە دیوەخانی شێخ لەیس جەفات جیاد ئال شەعلان لە پارێزگای موسەننا لەگەڵ شێخ و کەسایەتییەکانی عەشیرەتی زەوالیم، و ئەوی دیکەیان لە ئاهەنگێکی عەشیرەتی شممەر، جەختی لە گرنگی بەشدارییەکی فراوان لە هەڵبژاردنەکاندا کردەوە.
 
سوودانی رایگەیاند: "هەڵبژاردنێکی گرنگمان لەپێشە و گەل بڕیار دەدات کێ لە رێگەی دەنگدان لە هەڵبژاردنێکی باشەوە دەسەڵات بگرێتە دەست؟."
 
سەرۆکوەزیران هۆشداری دا لەوەی: "دوورکەوتنەوە لە هەڵبژاردنەکان بە واتای لەدەستدانی مافی هاووڵاتی دێت لە داڕشتنی داهاتووی سیاسیی عێراقدا" ،"رێگەدانە بە گەڕانەوەی هێزەکانی گەندەڵی و شکستهێنان." 
 
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، پڕۆژەکەیان دیدگە و میتۆدێکی هەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک لەسەر بنەمای خزمەتکردنی گەلەکەی بێت، سێ ساڵە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ دابینکردنی داواکارییە سەرەکییەکانی گەل.
 
مالیکی بۆ دەنگدەران: کەسی باش هەڵدەبژێرن، یان ئەوانەی 100 بۆ 200 دۆلارتان پێدەدەن؟
 
نووری مالیکی، ئێوارەی چوارشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2025، لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانییەکەدا لە بەغدا رایگەیاند: "ئەوەی دەیەوێت وڵاتێکی بەهێز، ژیانێکی خۆش و شکۆمەند، ئابوورییەکی بەهێز و دامەزراوەی سەربازیی بەهێزی هەبێت، دەبێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات، چونکە لە پەرلەماندا دامەزراوەکانی دەوڵەت بەرجەستە دەبن و یاساکان دەردەچن و چاودێریی سەرجەم دامەزراوەکان دەکرێت."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، "وادەکەمان رۆژی 11-11ـەیە و لە رۆژی دەنگدان یەکدی دەبینین و ئەمانەتی دەنگدان بەجێدەگەیێنین. دەنگدان شایەتیدانە، لەوێ جیاوازی دەکرێت کامە باشە و کامە خراپە، ئایا ئەو کەسە هەڵدەبژێرن کە 100 بۆ 200 دۆلارتان پێدەدات، یان کەس و لیستی باش هەڵدەبژێرن؟ لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە وڵات بنیات دەنرێت."
 
حەلبووسی لە سەلاحەدین: گرنگی بەشداریکردنی کارا لە هەڵبژاردنەکان
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا، سەردانی پارێزگای سەلاحەدینی کرد و بەشداری لە ژمارەیەک گردبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە تێیدا جەختی لە گرنگی بەشداریکردنی کارا لە هەڵبژاردنەکاندا کردەوە و داوای کرد ئەو مافە دەستووریە بەکاربهێنن دەنگ بە پارتەکەی بدەن.
 
واست: کوژرانی گەنجێک لە نزیک گردبوونەوەی بانگەشە
 
شەوی رابردوو لە قەزای حەی سەر بە پارێزگای واست، شەڕێک لە نزیک گردبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەحمەد سەلال عەزیز محەممەد بەدری، بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا روویدا و گەنجێک کوژرا. کوژراو و بکوژ ئامۆزای یەکدین،  بەڵام عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای واست بۆ تۆڕی میدیایی رووداو و پۆلیسی پارێزگاکە دووپاتیان کردەوە، رووداوەکە پەیوەندی بە گردبوونەوەکەوە نەبووە و لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە، بکوژەکەش دەستگیرکراوە.
 
هەوڵی کوشتنی بەربژێرێک لە بەسرە و قسەکانی شابەندەر
 
ماجید لامی، بەربژێری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەسرە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە هەوڵی کوشتنی دراوە، بەڵام سەرچاوەیەکی پۆلیسی بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "رووداوەکە بەهۆی دەمەقاڵێ بووە."
 
لە لایەکی دیکەوە، عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری عێراقی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، نرخی بەربژێرێکی دڵنیا لە بردنەوە گەیشتووەتە سێ ملیۆن دۆلار، ئەمەش وەکو بەڵگەیەک لەسەر "دزی و پارەی دەرەکی" لە هەڵمەتە هەڵبژاردنەکاندا. شابەندەر گوتیشی، "کێبڕکێی ئێستا لەسەر لەناوبردنی یەکدییە."
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن سزای بەربژێران دەدات
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، چەندین بڕیاری دەرکرد. عوسمان هادی حیجاوی، بەربژێری دەوڵەتی یاسا لە بەغدا، بە 10 ملیۆن دینار سزا درا. هەروەها 7 بەربژێری دیکە لە پارێزگای موسەننا، هەریەکەیان بە 2 ملیۆن دینار سزا دران بەهۆی سەرپێچیکردنی یاسا.
 
سەرەڕای ئەمانە، چوار بەربژێر لە لیستە جیاوازەکاندا بە هۆکاری جیاواز، لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە، لەوانە حوسێن سەعید کازم لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، و ئیمان خەمیس شەهاب ئەحمەد لە هاوپەیمانی تەفەوق بەهۆی "ساختەکردنی بڕوانامەی خوێندن و خراپی رەفتار و ژیاننامەکەی".
 
13 کەس لەسەر کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرکران
 
سەرەڕای دڵنیایی کۆمیسیۆن لەوەی کەس ناتوانێت بە کارتی بایۆمەتری کەسی دیکە دەنگ بدات، پرسی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان هێشتا گەرمە. فەریق روکنی یەکەم قەیس مەحمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن، بە رووداوی راگەیاند کە 13 کەس لەسەر کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان و سەرپێچییەکانی دیکەی بانگەشە دەستگیرکراون و 12 دۆسیەی جیاواز تۆمارکراون.
 
قەیس محەممەداوی ئاماژەی بەوەدا، زۆربەی ئەو کارتانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ساختە بوون، بەڵام رووداو لە بەدواداچوونێکدا ئاماژەی بە کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان کردووە لە نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە بە نرخە جیاوازەکان.
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بکرێت.