100 ملیار دینار بۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی خەرجکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی عێراق 100 ملیار دیناری بۆ جیاوازی مووچەی دوو مانگی هەشت ساڵ لەمەوبەری چەکدارانی حەشدی شەعبی خەرجکرد. 
 
د. جەمیل ساجب یوسف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژمێریایی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەکالەت، رۆژی چوارشەممە 29-11-2023، پاڵپشت بە رەزامەندی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، نووسراوی فەرمی کرد بە خەرجکردنی 100 ملیار دینار بۆ  جیاوازی مووچەی مانگەکانی تشرینی یەکەم و کانوونی یەکەمی 2015ـی چەکدارانی حەشدی شەعبی و دانانی پارەکە لە هەژمارەی حەشدی شەعبی لە بانکی رافیدەین. 
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنج شەممە 30-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 100 ملیار دینارە، بۆ جیاوازی پلە بەرزکردنەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی خەرج دەکرێت، کە پێشتر بۆیان نەکراوە و ئێستا بۆیان خەرج دەکرێت، پلە و مووچەکانیان رێکدەخرێتەوە. 
 
پیشتر محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، "پێشتر پێشنیازکرابوو ساڵانە 250 ملیار دینار بۆ قەرزی جیاوازیی مووچەکانیان بە ئەندامانی حەشدی شەعبی بدرێتەوە، بەڵام دواتر لە پەرلەمان کرایە 100 ملیار دینار"؛ روونیشیکردەوە، "بڕی پارەکە زۆرە و بە چەند ساڵێک دەبێت بدرێتەوە".
 
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە نووسرای ژمارە 114219، بڕیاری خەرجکردنی بڕی 100 ملیار دیناری بۆ دەستەی حەشدی شەعبی دا.
 
مادەی 19ـی یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، وەزارەتی دارایی پابەند دەکات ئەم ساڵ بڕی 100 ملیار دینار بۆ پێدانی جیاوازیی مووچەی ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبی بدات، هەروەها ساڵانی 2024 و 2025ـیش دەبێت ئەو پارەیە بدات.
 
بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023، دەستەى حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 کارمەندى هەیە و لە یاسای بودجەدا زیاتر لە سێ تریلیۆن و 914 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە.