نەسازانی سوننەکان هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ساڵی داهاتوو دوادەخات
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق دەڵێن، بەهۆی نەسازانی لایەنە سوننەکان، هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023، سەلاح تەمیمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر سوننەکان لەبارەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بسازێن، هیچ کێشەیەکیان نییە، پەرلەمان کۆ دەبێتەوە بۆ دەنگدان بە سەرۆکی نوێی پەرلەمان. بەڵام ئەگەر نەسازێن، هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
بڕیارە رۆژی 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەبچێت، لەبارەی ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکە یاخود پێش هەڵبژاردنەکە هەڵدەبژێردرێت، جاسم عەلەوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو چارەسەر لەبەردەم پەرلەمانە، بانگەواز بکرێت بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان، یان هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بکەوێتە وەرزی داهاتووی پەرلەمان، واتا دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە ئەویش دەکەوێتە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو.
پەرلەمانی عێراق ئێستا لە پشووی وەرزی یاسادانانی زستانەیە و ساڵی نوێ وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە جەخت لەوەدەکاتەوە، هیچ داوایەک نەگەیشتووەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بکرێت، بەمەش کاتێکی باش دراوەتە لایەنە سیاسییە سوننەکان تاوەکو بسازێن و کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دیاری بکەن.
تائێستا لایەنە سوننەکان لەسەر بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەتوون، دیارترین ئەو ناوانەی دەهێنرێت وەک بەربژێر بریتین لە عەبدولکەریم عەبتان، زیاد جەنابی، یەحیا محەممەدی لە تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، عیسا عیساوی لە هاوپەیمانی سەروەریی، مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی لە هاوپەیمانیی عەزم.
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵی دەقی بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامێتیی لە حەلبووسی کە لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی بوو، بڵاوکردەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵی باسی ئەوە دەکات کە محەممەد حەلبووسی لەژێر گوشاردا کاخەزی سپیی بە پەرلەمانتارانی حیزبەکەی پڕکردووەتەوە کە بریتییە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوە و هەر کاتێک بیەوێت پێشکێشی دەکات. دەشڵێت، پەرلەمانتار باسم خەشان، حەلبووسی تۆمەتبارکردووە بەوەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆبیی ئیسرائیلی گرێبەستی کردووە و ئەوەشی بە "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق" وەسفکردووە و دەڵێت، "داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی حەلبووسی کردووە، ئەوەش وەکو دادگە ئاماژەی بۆ کردووە دەکرێت سکاڵایەکی سەربەخۆ بێت."
دادگەکە روونیکردووەتەوە، "رۆژی 15-1-2023، لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان رایگەیاند، محەممەد حەلبووسی فەرمانی دیوانیی دەرکرد کە تایبەت بوو بە دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەندامێتیی پەرلەمان، بەڵام ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە لەژێر گوشاردا و لە کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمان لێی وەرگیراوە نەوەک خولی پێنجەم، وەکو چۆن لە ئەندامانی دیکەش وەگیراوە و کاخەزی سپییان بەناوی دەستلەکارکێشانەوە پێ واژۆ کراوە و هەر کاتێک هەر ئەندامێک بیانەوێت دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکێشدەکەن و لە پەرلەمان دەریدەکەن."