کۆمیسیۆن: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و هەڵاوێردن بۆ هیچ پارێزگایەک ناکرێت.
 
نیبراس ئەبو سۆدە، ئەندامی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم کارتەکانی بایۆمەتری گەیشتوونەتە عێراق، بەسەر ئەو پارێزگایەنەدا دابەش کرێت کە هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەدەچێت، لە پارێزگاکاندا دەست بەدابەشکردنی کراوە لە ناوەندەکانی تۆمارکردن، یان تیمی گەڕۆکەوە.  
 
سەبارەت بە پشووی هەڵبژاردن، نیبراس ئەبو سۆدە گوتی "تائێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هیچی رانەگەیاندووە، ئەوەی پشوو رادەگەیێنێت کۆمیسیۆن نییە، بەڵکو حکومەتە، بەڵام وەک دەزانن پێش بەڕێوەچوو هەڵبژاردن، وەزارەتی پەروەردە ئەو قوتابخانەنە رادەستی کۆمسیۆن دەکات کە هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەدەچێت.
 
لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەندامەکەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، بەهیچ شێوەیەک کۆمیسیۆن بە نیاز نییە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخات، چونکە لایەنی جێبەجێکارە، کاتێک بڕیار لە هەڵبژاردن و وادەکەی دراوە کۆمسیۆن خشتەیەکی کارکردنی هەیە، بەپێی ئەو خشتەیە کاردەکات، بۆیە نە کۆمیسیۆن و نە حکومەتیش بەنیاز نین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخەن. 
 
لەبارەی دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک و هەندێک لایەنی عەرەبی و تورکمانی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن و لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵا تۆمارکراوە، نیبراس ئەبو سۆدە جەخت لەوە دەکاتەوە " قسە لەسەر هەڵاوێردنی هیچ پارێزگایەک نەکراوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی تێدا نەکرێت لەوانەش کەرکووک، بە پێچەوانەوە کەرکووک ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، راهێنان بە کارمەندانی رۆژی دەنگدان دەکات، هەموو پێویستییەکانی وەرگرتووە لە کارتی دەنگدان ، کارتی دەنگدانی بایۆمەتر، مادە هەستیار و ناهەستیارەکان و زۆر کەرستەی دیکەی پەیوەست بە هەڵبژاردنی وەرگرتووە، بۆیە لە کەرکووک وەک هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق کار دەکرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی لە وادەی دیاریکراوە تێدا بەڕێوەبچێت". 
 
بڕیارە لە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.